د.بەشیر حەداد له وتارى مائاواييدا: ئەنجومەنی نوێنەران ئەرکی یاسادان و چاودێری کردنی خۆی جێبەجێ کردووە

د.بەشیر حەداد : پێزانینمان ھەیە بۆ کاری ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەران و راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی ئەنجومەنی نوێنەران

بەبۆنەی کۆتاییھاتنی کارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە رۆژی پێنج شەممە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ کۆتایی پێدێت، رۆژی چوارشەممە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، دکتۆر بەشیر خلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی د.سیروان عەبدوڵڵا سیرینی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی ئەنجومەن کۆبووەوە.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا دکتۆر بەشیر حەداد سوپاسی تەواوی ئامادەبووانی کرد بۆ ھەوڵ و تێکۆشانەکانیان لە ناو دامەزراوەی یاسادانان، ئەوەش سەرەڕای ئەو ھەموو ئاڵنگاری و بارودۆخە قورسەی کە ھاتنە پێش کارەکانیان.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە گووتەی ماڵئاواییدا رایگەیاند:”ئەنجومەنی نوێنەران ئەرکی یاسادان و چاودێری کردنی خۆی جێبەجێ کردووە، ئێمە پێزانینمان ھەیە بۆ کاری ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەران و راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی لە ماوەی کار کردنیان لە ئەنجومەنی نوێنەران کە بەڕۆحێکی نیشتمانیانە و بە ھاوکاری و ھەماھەنگی وەکو یەک تیم کارەکانیان کردووە و پشتیوانی کاری لیژنەکان بوون لە پەسەند کردنی یاسا گرنگەکاندا.”
لە کۆتایی قسەکانیدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ھیوای سەرکەوتن و بەردەوامی لە کاروبارەکانیان بۆ خواستن تا ئەو کاتەی کە ئەنجومەنی نوێنەرانی داھاتوو بێت و ئەو کارانە تەواو بکات کە لەم خولەدا تەواو نەکراون بۆ تێپەڕاندنی قەیران و کێشەکان و جێگیرکردنی سەقامگیری لە تەواوی وڵاتدا.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جوارشەممه ٦ی تشرینی یەکەمی٢٠٢١