حەلبووسی چاوی كەوت بە هاوتا توركیەكەی و تاوتوێی چەندین پرس و دۆسیەی هاوبەشیان كرد

لە پێش هەموویانەوە قەیرانی ئاو
حەلبووسی چاوی كەوت بە هاوتا توركیەكەی و تاوتوێی چەندین پرس و دۆسیەی هاوبەشیان كرد
محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ سێشەممە، چاوی كەوت بە بنالی یەڵدریم سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو دیدارانەی بەرێزیان لە میانی بەشداریكردنی لە كۆبونەوەی سێیەمی پەرلەمانەكانی ئەوروپا ئاسیا ئەنجامیدا.
لە میانی دیدارەكەدا پەیوەندی دۆستانەی هاوبەش و زیادكردنی قەبارەی بازرگانی خرایەڕوو، لەگەڵ روداوە سیاسی و ئەمنیەكان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی.
هەروەها بەشێوەیەكی جیا باس لە دۆسیەی ئاو و لێكەوتەكانی كرا، لەوبارەیەوە حەلبووسی داوایكرد ئاوی زیاتر لە روباری دیجلەدا بەربدرێتەوە و بەشداری ئیجابی لە چارەسەركردنی ئەو قەیرانەدا بكەن كە عێراق لەوبوارەدا دوچاری هاتووە.
بەرێزیان وتیشی “پەیوەندیەكانمان لە پێشكەوتنی بەردەوامدایە و پرسی هاوبەشی زۆرمان هەیە، خوازیاریشین چارەسەرێكی دادپەروەرانە بۆ ئەو دۆسێیە بكرێت لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەكان”.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رونیشیكردەوە عێراق لە شەڕی دژ بە هێزی شەڕ و تیرۆر لە بری هەموو جیهان جەنگی كرد ئەمرۆش لەبەردەم قۆناغێكی گرندایە كە خۆی لە دووبارە بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوەدا دەبینێتەوە، هەر بۆیە خوازیارە پشتیوانی راستەقینە لەلایەن هەموودۆستەكانی لەوبوارەدا بكرێت، هەر بۆیە داوای لە كۆمپانیا توركیەكان كرد رۆڵی كاریگەر و تایبەت بگێڕن لەوبوارەدا.
لای خۆیەوە یەڵدرم پیرۆزبایی ئەو پێشكەوتنە گەورەیەی كرد كە پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەخۆوە بینی لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و راسپاردنی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكومەت و هیواشی خواست عێراق پێشكەوتنی زیاتر لە هەموو بوارەكاندا بەخۆوە ببینێت.
وتیشی ” عێراق تەزحیەی زۆری لە شەڕی دژ بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش بەخشی، ئەمرۆش لە قۆناغی كۆنترۆڵكردنەوەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیدایە”، تەئكیدیشیكردەوە لەسەر گرنگی یەكێتی و ئارامی و كاردانەوەی ئیجابی لەسەر بارودۆخی ناوچەكە.
یەڵدریم جەختیشیكردەوە لەسەر قوڵایی پەیوەندی مێژوویی نێوان عێراق و توركیا كە هاوبەشی زۆریان هەیە كە هەر دوو وڵات وابەستەی یەك بكات لەگەڵ ئەو پێشكەوتنەی بەدیهاتووە لەسەر ئاستی هەماهەنگی و هاوكاری هاوبەش لە بواری شەڕ دژی تیرۆر و بوارەكانی ئابووری و وەبەرهێنان و ئاڵوگۆری بازرگانی.
============
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
9 تشرینی یەكەمی 2018