لە میانی ئامادەبوونی لە ئاهەنگی دەرچوانی خوێندرانی زانكۆی نەهرەین حەلبوسی داوا لە حكومەت دەكات چارەسەری گونجاو بۆ كێشەی بێكاری بدۆزێتەوە و بارودۆخی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ پاراستنی تواناكان و كاركردنیان لەناو عێراق

لە میانی ئامادەبوونی لە ئاهەنگی دەرچوانی خوێندرانی زانكۆی نەهرەین
حەلبوسی داوا لە حكومەت دەكات چارەسەری گونجاو بۆ كێشەی بێكاری بدۆزێتەوە و بارودۆخی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ پاراستنی تواناكان و كاركردنیان لەناو عێراق

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ سێشەممە، تەئكیدی كردەوە عێراق چاوەروانی ئەوە لە دەرچوانی زانكۆ و كۆڵژەكان دەكات رۆڵی سەرۆكایەتی گرنگ لە ئایندەیەكی نزیكدا لە عێراقدا بگێڕن، لەگەڵ بوژانەوەی واقیعی ئێستا، جەختیشی كردەوە لەسەر گرنگی و رۆڵی خوێندكارانی زانكۆی نەهرەین بەتایبەت ئەوانەی پۆستی سەركردەیان وەرگرتووە لە خوێندن و سیاسەت و ئابوری و كۆمەڵگەی مەدەنیدا.
ئەوەش لە میانی وتەیەكیدا هات كە لە بەشداری كردنی لە ئاهەنگی خولی پانزەی دەرچوانی خوێندكارانی زانكۆی نەهرەین لە ژێر ناوی (خولی سەركەوتن و گەشەسەندن) پێشكەشی كرد.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران روی كردە خوێندكاران و وتی: ئێوە هیوای دوارۆژن، ئەو هیوایەش بە هۆشیاری سەردەمیانە و رەتكردنەوەی تاریكی و دەمارگیری و داخران بە دیبهێنن، لە ئێوەوە بۆ سەرجەم لاوانی عێراق بە دیاریكراوی چالاكانی بواری دەزگاكانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی، ئەو منەسەیە بكەنە مینبەری خۆشەویستی و ئاشتی و دوور لە گوتاری ڕق و كینەی تایفی و چینایەتی و ڕەگەزپەرستی.
سەبارەت بە كێشەكانی خوێندكارانیش بەرێزیان ئاماژەی بەوە كرد رێژەی بێكاری لە ریزەكانی لاوان بە هیچ جۆرێك جێی قبوڵ نییە، وتیشی: پێویستە لەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەت باوەش بۆ وزەی لاوان و دەرچوان و خاوەن بڕوانامەی باڵای زانستی و تەكنیكی بكاتەوە و كەشی كاركردنی شایستەیان بۆ دەستەبەر بكات.
بەرێز حەلبوسی داواشی لە حكومەت كرد لێكۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بكات بۆ كێشەی بێكاری بە شێوەیەكی زۆر جدی و بەرپرسیارانە؛ لەپێناو هێنانەكایەی بارودۆخێكی گونجاو بۆ پاراستنی تواناكان لە سەقامگیریدا، و كاركردنیان لە ناوخۆی عێراق، و دۆزینەوەی هەلی كاری گونجاو لە كەرتی تایبەتدا، و پەلەكردن لە دەستپێكردنی پرۆژەی ئاوەدانكردنەوە، بۆ وەگەڕخستنی سەدان هەزار لە لاوەكانمان كە بێكارن.
بەرێزیان رۆڵی مامۆستایانی زانكۆی نەهرەین و زانكۆكانی تریشی بەرز نرخاند لە پابەندبونیان بە بنەماكانی خوێندنی پێشكەوتوو و نوێ لەسەر شێوازی نمونەیی و رەچاوكردنی دەرفەتی یەكتر تەواوكردن.
===========
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
20 تشرینی دووەمی 2018