كه‌عبی و باڵیۆزی‌ سربیا تاوتوێی‌ نه‌هێشتنی‌ ڤیزا بۆ گه‌شتكردنی‌ عیراقیه‌كان بۆ سربیا ده‌كه‌ن

جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ڕێز حه‌سه‌ن كه‌ریم كه‌عبی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28/11/2018 له‌ نوسینگه‌ی‌ فه‌رمی‌ خۆی‌ له‌ به‌غدا، پێشوازی كرد له‌ باڵیۆزی‌ سربیا له‌ عیراق به‌ڕێز ئۆرۆش بالوڤ.
له‌ دیداره‌كه‌دا تاوتوێی‌ په‌یوه‌ندی دووقۆڵی‌ نێوان هه‌ردوولا و چۆنیه‌تی‌ به‌ هێزكردنی‌ په‌یوه‌ندی بواره‌كانی‌ بازرگانی و وه‌به‌رهێنان و زانستی و رۆشنبیری‌ كرا وئاماژه‌كرا به‌ ئه‌گه‌ری‌ نه‌هێشتنی‌ ڤیزا له‌لایه‌ن وڵاتی سربیا بۆ بازرگان و قوتابیانی‌ عیراقی‌.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا تیشك خرایه‌ سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی‌ عیراق له‌ پاڵپشتیكردنی‌ سربیا له‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كه‌ پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌ جنێڤ به‌سترا، هه‌روه‌ها پاڵپشتیكردنی‌ كۆنگره‌ی‌ رێكخراوی‌ ئینته‌رپۆلی‌ ئه‌و دواییه‌ له‌ دوبه‌ی‌.
له‌ كۆتاییدا هه‌ردوولا رێكه‌وتن له‌ سه‌ر كاراكردنی‌ كاری‌ لیژنه‌ی‌ دۆستایه‌تی‌ عیراقی – سربی و په‌سه‌ندكردنی‌ رێكه‌وتنامه‌ی‌ هاریكاری‌ بواری‌ دبلوماسی و رێگه‌خۆشكردن بۆ به‌ستنی رێكه‌وتنامه‌یه‌كی‌ فراوانتر سه‌باره‌ت به‌ ئاسانكردنی‌ گه‌شتكردنی‌ بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌رو خوێندكاره‌ عیراقیه‌كان بۆ سربیا.

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی
جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران
28/11/2018