سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران چاوی كەوت بە سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران سەردانی دادوەر مدحەت مەحمود سەرۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی كرد و هەردوو لا تاوتوێی پتەوكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەر دوو دامەزراوەی یاسادانان و دادوەرییان كرد.
لە میانی دیدارەكە حەلبوسی تەئكیدی كردەوە لەسەر سوربوونی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەركردنی چەندین یاسا كە خزمەت بە هاوڵاتیانی عێراق بكات، رۆشناییشی خستەسەر گرنگی رۆڵی دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ چاودێری كردنی دەستور و ئەو بڕیارانەی لەلایەن دەسەڵاتەكانەوە دەردەكرێن.
لای خۆیەوە مدحەت مەحمود جەختی كردەوە لەسەر بەردەوامبوونی هاریكاری نێوان ئەنجومەنی نوێنەران و دادوەری؛ بەمەبەستی دەركردنی یاساكان بەپێی دەستور و ئەو بنەمایانەی دادگای باڵای فیدڕاڵی دیاری كردوون.
هاوكات محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەی دانیشتنی دادگای باڵای فیدڕاڵی بوو بۆ چاوخشاندنەوە بە یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و دەستبەرداربوون لە بڕگەی تایبەت بە مافی خانەنشینی پەرلەمانتار تەئكیدیشی كردەوە لەسەر ئەوەی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو پەرلەمانتارانیش هاوشێوەی فەرمانبەران بگرێتەوە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
9 كانونی یەكەمی 2018