سه‌رۆكی‌ شاندی په‌رله‌مانی‌ عیراق بۆ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانتاران له‌ پێناو قودس: لیژنه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ فه‌له‌ستین له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراقدا پێكدێنین و هه‌ڵوێستی‌ عیراق له‌ پاڵپشتیكردنی‌ گه‌لی‌ فه‌له‌ستین ئاشكرایه‌

ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 16/12/2018 شاندی په‌رله‌مانی‌ عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ د. به‌شیر حه‌داد له‌ گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ یه‌كگرتوی په‌رله‌مانتاران له‌ پێناو قودس به‌ڕێز حه‌مید ئه‌لئه‌حمه‌ر كۆبوه‌.
له‌ دیداره‌كه‌دا تاوتوێی‌ میكانیزمه‌كانی‌ هاریكاری‌ هاوبه‌ش و به‌رگریكردن له‌ قودس و مزگه‌وتی‌ ئه‌قسا كرا و جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌ سه‌ر كاراكردنی‌ كاری‌ په‌رله‌مانی‌ ئیسلامی و عه‌ره‌بی و چڕكردنه‌وه‌ی‌ هه‌وڵه‌كان بۆ وه‌ستاندنی‌ به‌ جوله‌كه‌كردنی‌ قودس و رێگه‌گرتن له‌ ده‌ستدرێژیه‌كانی‌ ڕۆژانه‌ بۆ سه‌ر فه‌له‌ستینیه‌كان.
به‌ڕێز حه‌داد جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ سه‌ر پێكهێنانی‌ لیژنه‌كان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌ گه‌ڵ پێشهاته‌كانی‌ دۆزی‌ فه‌له‌ستینی و گوتی:” لیژنه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ فه‌له‌ستین له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراقدا پێكدێنین و هه‌ڵوێستی‌ عیراق له‌ پاڵپشتیكردنی‌ گه‌لی‌ فه‌له‌ستین ئاشكرایه‌ و كاری‌ به‌رده‌وام ده‌كه‌ین بۆ پاڵپشتیكردنی‌ فه‌له‌ستین و ڕاگرتنی سه‌رپێچی و ده‌ستدرێژیه‌كان بۆ سه‌ر گه‌لی‌ فه‌له‌ستین”.
شایه‌نی‌ باسه‌ شاندی‌ عیراقی پێكهاتبو له‌ هه‌ریه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاران ( موزه‌فه‌ر ئیسماعیل ئاشتیوی‌ و جه‌مال ئه‌حمه‌د محمد و خه‌دیجه‌ عه‌لی‌ عه‌باس و زه‌یتون حه‌سه‌ن دلێمی‌).
نوسینگه‌ی‌ ڕاگه‌یاندنی‌
جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران
16/12/2018