له‌سه‌ر لادانی زمانی كوردی له‌ لۆگۆ نوێیەكەیان د.بشیر حه‌داد داوای روونكردنه‌وه له ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ده‌كات

د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند،كه‌ داوای روونكردنه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق كردووه‌ كه‌ هۆكاری لادانی زمانی كوردیان له‌سه‌ر لۆگۆی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌یان روونبكه‌نه‌وه.

ناوبراو وتیشی،ئه‌م كاره‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ كردویه‌تی پێچه‌وانه‌ی ماددەی 4 ی ده‌ستور و ماددەی 3-4ی یاسای زمانه فەرمییەكانی ژماره 7 ساڵی 2014 یه، وه نوسراوی فه‌رمیمان ئاڕاسته كردون و به‌دواداچوونی جدیشی بۆ ده‌كه‌ین و هه‌ڵوێستیشمان ده‌بێت.

شایانی باسه كه ماوەیەك به‌ر له ئیستا ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق لۆگۆی خۆی گۆڕیوه و نوسینی كوردیشی لەسەر لابردوه، تەنها به زمانی عەرەبی و ئینگلیزی نوسراوه.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
21 شوبات 2019