سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئێران دەكات

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازی كرد لە بەرێز محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەروەی ئێران و شاندی یاوەری.
بەرێزیان تەئكیدی كردەوە لەسەر پەرۆشی عێراق بۆ پاراستنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە، ئاماژەشی بە مەترسی ئاڵۆزبوونی ناوچەكە كرد و رۆشنایی خستەسەر گرنگی دانوستان و پێشنیاری ئاشتیانە بۆ دروستكردنی متمانە لە نێوان لایەنەكان.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند عێراق رۆڵێكی جەمسەری دەگێرێت بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكانی نێوان تاران و واشنتۆن و لە هیج جەمسەرێكیشدا نابێت، پەرۆشیشی نیشاندا بۆ سەلامەتی دراوسێكان و كاركردن لەسەرجەم ئاستەكان بۆ بەدورگتنی ناوچەكە لە ئاڵۆزی.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران پێشوازی لە رۆڵی عێراق كرد لە لێكنزیكردنەوەی بۆچونەكان و تاران خوازیاری چارەسەركردنی سەرجەم ناكۆكیەكانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و ئاماژەی بەوشكرد وڵاتەكەی خوازیاری هیچ جۆرە پێكدادانێكی سەربازی نییە و ئامادەیە بۆ وەرگرتنی هەر پێشنیارێك هاوكاربێت بۆ هێوركردنەوە و بەدیهێنانی پەیوەندی بنیاتنەر لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ.
لە دیدارەكەدا ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمان و نزار خەیروڵا بریكاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق و باڵیۆزی عێراق لە تاران و یاڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغداد ئامادەیبوون.
======
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
26ئایار 2019