شاندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق له‌ ئێران د.بەشیر حەداد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران كۆ ده‌بێته‌وه‌

شاندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بەسەرۆكایەتی د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی‌ نوێنه‌ران سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیان كرد ولەلایەن بەڕێز محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران پێشوازیان لێكرا، لەم دیدارەدا باس لەبارودۆخی ناوچەكە بەگشتی وبەهێزكردنی پەیوەندی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات وكاراكردنی میكانیزمی هاوكاری هاوبەشی نێوان هەردوولا كرا.
د.بەشیر حه‌داد سوپاسی بەڕێز زەریفی كرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمەی لێیان كرا وبووە دەرفەتێك بۆ گفتوگۆ لەنێوان خۆیان وبەرپرسانی ئێران بۆ بەهێزكردنی ئاسۆی پەیوەندیەكان لەڕووی سیاسی وئابووری وكولتوریەوە بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندی وپەیوەستەیە مێژووییەكانی نێوان هەردوو گەلی عیراق وئێران بەتایبەتی لەوم كاتەدا كە ناكۆكیەكان لەپەرەسەندندان . دووپاتیشیكردەوە سەقامگیری ناوچەكە بۆ هەموو لایەك گرنگە وئاماژەی بۆ ئەوەش كرد هەڵوێستی عیراق ڕونە بەوەی هەمیشە كار بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخ ونەهێشتنی قەیران وپاراستنی سەقامگیری ونەهێشتنی بەكارهێنانی خاكەكەی بۆ هەڕەشەكردن لەسەر ئێران ووڵاتانی دیكەی دراوسێ وزاڵكردنی زمانی دیاڵۆگ لەناوچەكە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكیە نێودەوڵەتیەكان.
لەلای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە ودیداریان لەگەڵ ئەنجوومەنی شورا وبەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران نیشان دا وجەختی لەسەر گرنگی هاوكاری نێوان هەردوولادا كردەوە لەسەر ئاستی پەرلەمان وئەوەشی خستەڕوو ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزكردنی پەیوەندیەكان لەهەموو بوارەكان دا، زەریف ستایشی هەڵوێستی عیراقی كرد ودووپاتیشی كردەوە عیراق رۆڵێكی پۆزەتیڤ دەبینێت بۆ سەقامگیركردنی بارودۆخی ناوچەكە وپاڵپشتی بەردەوامی وڵاتەكەیشی بۆ گەلی عیراق نیشان دا لەقۆناغی بونیادنانەوە وگەشەپێدان وچەسپاندنی بنەماكانی ئاسایش وسەقامگیری بەردەوام.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران
18/6/2019