د.بەشیر حەداد داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكات باڵیۆزخانە ونێردە دیپلۆماسیەكان بپارێزێت

د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بەتوندی ڕەخنە لە پەلاماردانی باڵیۆزخانەی شانشینی بەحرێن گرت لەلایەن چەند خۆپیشاندەرێكەوە ودووپاتیكردەوە ئەم ڕەفتارە ودابەزاندنی ئاڵای ئەم وڵاتە وكاری دیكەی تێكدەرانە كە پێشتر كراون بەتوندی ڕەفتاری قبووڵ نەكراون وبەتوندی سەركۆنەی ئەو ڕەفتارەی كرد وداوای كرد ڕێوشوێنی یاسایی لەمباریەوە لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە بگیرێتە بەر.

د.بەشیر لە بەیاننامەیەك دا دووپاتی دەكاتەوە : لەكاتێك دا ئێمە پێمان وایە خۆپیشاندانی ئاشتیانە وئازادی ڕادەربڕین مافێكە بەپێی دەستووری عیراق بۆ هاووڵاتیان زامن كراوە، بەڵام لەهەمان كاتیش دا بەتوندی سەركۆنەی هەر پەلاماردانێك بۆ هەر باڵیۆزخانە وكونسوڵگەریەك دەكەین لەهەر شوێنێك بێت لەعیراق ودووپاتیشی دەكەینەوە كە پێویستە حكومەتی فیدراڵ رۆڵی خۆی ببینێت بە پاراستنی هەموو نێردە دیپلۆماسیەكان بەپێی عورف ورێككەوتنە نێودەوڵەتیەكان . ئەم ڕەفتارانە كاریگەری نەرێنی بەسەر پەیوەندی دیپلۆماسی دووقۆڵی نێوان عیراق ووڵاتانی دراوسێ وجیهان دەبێت وبۆی هەیە قەیران وگرفتی دیپلۆماسی دروست بكات وئەمەش بەهیچ شێوەیەك خواستی ئێمە نیە .

د.بەشیر داوای لە سەرۆك وەزیران د.عادل عەبدولمەهدی كرد حكومەت كاری جدی بكات بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی وڵاتان ونێردە دیپلۆماسیەكان وفەرمانبەر وكارگوزارەكانیان ونەهێشتنی دووبارەبوونەوەی ئەم ڕەفتارانە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی دێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق
28 ی حوزیرانی 2019