د.بەشیر حەداد جەخت لەسەر نەهێشتنی دیاردەی بڵاوبوونەوەی تلیاك ومادەی هۆشبەر دەكاتەوە

ئەمڕۆ یەك شەمە 30/6/2019 بەچاودێری دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران ، لیژنەی ئافرەت ومنداڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ورۆكشۆپێكی رێكخست لەژێر ناوونیشانی (ماددەی هۆشبەر، تەحەدایەكی گەورە لەبەردەم حكومەت ودەردێكی هەڕەشەئامێز بۆ لاوان وهۆكارێك بۆ لێكترازانی خێزان) لەهۆڵی شێخ محەمەد ڕەزا شبیبی ئەنجامدا بەئامادەبوونی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەن حەسەن كەعبی ود.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران وهەیفا ئەمین سەرۆكی لیژنەی ئافرەتان لەئەنجوومەنی نوێنەران ود.ئەحمەد عوبەیدی وەزیری وەرزش ولاوان وبەڕێزان ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران ونوێنەرانی وزارەتەكانی تەندروستی وكار وكاروباری كۆمەڵایەتی وبەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەوەزارەتی ناوخۆ وژمارەیەك نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی وچالاكوانی مەدەنی ورۆشنبیر ورۆژنامەنووس.

د.بەشیر لە وتەیەك دا دووپاتی كردەوە عیراق بەقۆناغێكی زۆر هەستیار تێدەپەڕێت كە قۆناغی دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانی وڵاتە وئەمەش هەوڵ ماندووبوونێكی زۆری هەموو لایەنەكانی پێویستە بۆ زیاتر بەهێزكردنی پرۆسەی سیاسی وبەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەكانی گەندەڵی دارایی وئیداری ودابینكردنی دەرفەتی كار بۆ گەنج ولاوان وچەسپاندنی بنەماكانی سەقامگیری ئەمنی وكۆمەڵایەتی، هاوكات تیشكیشی خستە سەر مەترسیەكانی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر كە دەبێتە هۆكارێك بۆ لێكترازانی خێزان .

هەروەها گوتی: پێویستە هەموو دام ودەزگاكانی دەوڵەت بەرەنگاری ئەم دیاردەیە ببنەوە وئەنجوومەنی نوێنەرانیش هەموو هەوڵێك دەدات بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیە لەڕێگەی دانانی یاسای پێویست وبە پێویستیشی دەزانین وەزارەتە پەیوەندیدارەكان هەوڵەكانیان بەردەوام بێت بۆ ڕاكێشانی سەرنجی گەنج ولاوان بۆ چالاكی كۆمەڵایەتی ووەرزشی وچارەسەركردنی ئالوودەبووانی ئەم ماددانە وسزادانی بازرگان وبڵاوكارانی ئەم ماددە مەترسیدارانە ، داواش دەكەین لایەنی پەیوەندیدار رۆڵی خۆیان لە هۆشیاركردنەوەی گەنج ولاوان ببینن بە ئاگاداركردنەوەیان لە مەترسی ئالوودەبوون بە تلیاك وماددەی هۆشبەر.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران
30 ی حوزەیرانی 2019