سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازی لە نوێنەری باڵای سیاسەت و ئاسایش و كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا دەكات

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ شەممە، پێشوازی كرد لە خاتوو فیدریكا مۆگریبی نوێنەری باڵای سیاسەت و ئاسایش و كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا و شاندی یاوەری.
لە دیدارێكدا بە ئامادەبوونی سەرۆك و لیژنەی پەیوەندیەكانی دەروەی پەرلەمان، بەرێزیان تاوتوێی پەیوەندیەكانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا كرد و ئاماژەی بەوە كرد عێراق ئەمرۆ ئامادەیە بۆ بەستنی پەیوەندی بەتین و هەمەلایەن دوای سەركەوتنی لە شەڕی دژ بە تیرۆر و حكومەتی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەران روو لە كرانەوەیە بە ڕووی وڵاتانی عەرەبی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەسەرجەم بوارەكان بەو جۆرەی كاردانەوەی باشی بۆ بەرژەوەندیەكانی گەلی عێراق دەبێت.
بەرێزیان جەختیشی كردەوە لەسەر پەرۆشی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا و پەرلەمانەكانی وڵاتانی یەكێتیەكە بە گشتی، ئاماژەی بەوەش كرد دبلۆماسیەتی پەرلەمانی گرنگە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندی گەلان.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵی هێزە سیاسیەكانی عێراق و پێكهاتەكانیشی خستەڕوو بۆ بەهێزكردنی بارودۆخی سیاسی لە عێراق كە رەنگدانەوەی هەبوو لەسەر بارودۆخی ئەمنی و ئابوری بەشێوەیەكی باشتر لە ساڵانی پێشوو، ئاماژەی بە پێویستیەكانی عێراقیش كرد بۆ پشتیوانی یەكێتی ئەوروپا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی بۆ بوژانەوە و ئاوەدانكردنەوەی عێراق و هاریكارییان لە یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی ئاوارەكان.
لای خۆیەوە فیدریكا مۆگریبی نوێنەری باڵای سیاسەت و ئاسایش و كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا سەرسامی خۆی نیشاندا بە پێشكەوتن و سەقامگیری عێراق و تەئكیدی كردەوە لەسەر ئامادەیی یەكێتی ئەوروپا بۆ پشتیوانی حكومەتی عێراق لە جێبەجێكردنی بەرنامەكەی، ئاماژەی بەسەركەوتنەكانی عێراقیش كرد لە گرتنەبەری هەڵوێستێكی سیاسی هاوسەنگ لە ناوچەكە، ئاماژەی بە هەوڵەكانی یەكێتی ئەوروپاش كرد بۆ گەشەپێدانی بەشداربوونی لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانەوەی شارە ڕزگاركراوەكان و فراوانكردنی پرۆژەكانی ئامادەكردن لەسەرجەم بوارە ئابوری و گەشەسەندنەكان.

======
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
13 تەموز 2019