د.بەشیر حەداد تاوانی كوشتنی كارمەندی كونسوڵخانەی توركیا سەركۆنە دەكات

د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەتوندی سەركۆنەی ئەو تاوانە نابەجێیەی كرد كە بووە هۆی كوشتنی كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر و پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خانەوادەی قوربانیانی ئەم تاوانە كرد و هیوای چاكبوونەوەی خێرای بۆ برینداران خواست و دووپاتی كردەوە ئەم تاوانە لە لایەن گەلی كوردستانیشەوە بەتوندی سەركۆنە كراوە.

د. بەشیر حەداد لە بەیاننامەیەك دا وتی: لە كاتێكتدا كە بەتوندی ئیدانەی ئەم تاوانە نابەجێیە دەكەین كە فەرمانبەرانی دیپلۆماسی كردە ئامانج،داوا لە دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بە زووترین كات تاوانباران ئاشكرا بكەن و سزای خۆیان بەشێوەیەكی عادیلانە وەربگرن وهەمیشە گیانی كارمەندانی كونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماسیەكان پارێزراو بێت لە خاكی كوردستان كە هەمیشە جێگای ئارامی و ئاشتی و خۆشەویستی بووە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران
چوارشەمە 17ی تەموز 2019