د.بەشیر حەداد سەردانی وەزارەتی داد دەكات

بەمەبەستی پیرۆزبایی لە وەزیری تازەی دادی حكومەتی فیدراڵ ودووپاتكردنەوەی هەماهەنگی نێوان هەردوو دەزگای یاسادانان وجێبەجێكردن، ئەمڕۆ سێ شەمە 23/7/2019 د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بەیاوەری شاندێكی ئەنجوومەن سەردانی وەزارەتی دادی فیدراڵی كرد وبەڕێزان فاروق شوانی وەزیری داد وكادیری پێشكەوتووی وەزارەتەوە پێشوازیان لێكرا .
لەدیدارەكەدا د.بەشیر وشاندی یاوەری پیرۆزباییان لە شوانی كرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی تازەی وەكو وەزیری داد وهیوای سەركەوتنی بۆ خواست لەئەرك وكارەكانی دا ، هەروەها شاندی میوان چەندین پرسی گرنگی لەگەڵ وەزیری داد تاوتو كرد بەتایبەتی لەڕووی بەرزكردنەوەی ئاستی ئەدای وەزارەت وگرنگی كار وهەماهەنگی هاوبەش لەنێوان دەزگای یاسادانان ووەزارەتەكانی حكومەت بۆ پێشكەشكشردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان لە هەموو پارێزگا وشار وشارۆچكەكانی عیراق.

د.بەشیر دووپاتی لەسەر گرنگی وەزارەتی داد كردەوە لەپێكهاتەی حكومەتی عیراق وەكو وەزارەتێكی خزمەتگوزار كە ڕەنگدانەوەی هەیبەتی دەوڵەتە وهەبوونی هەماهەنگی وهاوكاری راستەوخۆی لەنێوان وەزارەتی داد ولیژنەكانی پەرلەمان بەگرنگ زانی، هاوكات بەڕێزیان ستایشی هەوڵەكانی وەزارەتی كرد بۆ بەدواداچوونی پرسە گرنگەكانی كۆمەڵگا وجەختی لەسەر پێویستی بەردەوامی چاودێریكردنی بارودۆخی بەندیخانەكان وجێبەجێكردنی پێوەر وبنەما وپڕەنسیپەكانی مافی مرۆڤ وچارەسەركردنی بارودۆخی بەندكراوان لەبواری مرۆیی دا وجەختیشی لەسەر بەردەوامبوونی هەوڵەكان كردەوە بۆ چارەسەركردنی كێشە وگرفتەكانی موڵكداری وگەڕاندنەوەی ماف وشایستەییەكان بۆ خاوەن مافە شەرعیەكان.
لەلای خۆشیەوە بەڕێز شوانی سوپاسی سەردانی د.بەشیری وشاندی یاوەری كرد وخۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە نیشان دا وبەپاڵپشتیەكی گرنگی مەعنەوەی لەقەڵەم دا وبەهەمان شێوەش جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هەماهەنگی لەنێوان ئەنجوومەنی نوێنەران ولیژنە پەیوەندیدارەكان ئەوەشی دووپات كردەوە كە وەزارەت بەهەنگاوی جێگیری كار بۆ پێشخستنی ئەدای خۆی دەكات بەتایبەتی لەڕووی بەدواداچوونی بارودۆخی بەندكراوان وئاشكراشی كرد لەم بارەیەوە لیژنەیەكی ئیداری ومالی ویاسایی بۆ لێكۆڵینەوە لەبارودۆخی مرۆیی ئەم بەندكراوانە پێكهاتووە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران
23 ی تـــــــەمووزی 2019