د.بەشیر حەداد : هونەری شێوەكاری ڕەنگدانەوەی مێژووی دێرینی وڵاتەكەمانە

ئەمڕۆ سێ شەمە 23/7/2019 د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بەئامادەبوونی ژمارەیەك لەپەرلەمانتار وهونەرمەند ورۆشنبیران لەهۆڵی ئەنجوومەن لەبەغدا پیشانگای شێوەكاری هونەرمەندی ناسراو ساڵح ڕەزای كردەوە كە چەندین تابلۆی تیادا نمایش كرابوو وڕەنگدانەوەی كەلەپوور وگەڕەكە میللیەكانی عیراق و سروشتی ئەم وڵاتەی تیادا بەدی دەكرا هەر لە جوانی سروشتی باشووری عیراق تادەگاتە چیا وهاوینەهەوارەكانی كوردستان وژیانی سادەی لادێكانی عیراق.
د.بەشیر لەمیانەی بەسەركردنەوەی تابلۆكان ئاماژەی بە هونەر كرد بەگشتی وەكو كایەیەكی گرنگی كۆمەڵگا وبەئاوێنەی كۆمەڵگای وەسف كرد ودووپاتیشی كردەوە هونەر ڕەنگدانەوەی واقیع ووردەكاریەكانی ژیانی رۆژانەمانە، هاوكات دەستخۆشی لەهونەرمەند ساڵح رەزا كرد وستایشی تابلۆكانی كرد وگوتی : ئەم تابلۆیانە بەهایەكی گرنگی هونەری هەیە وكاریگەری پۆزەتیڤانەی هەیە لەڕووی دەروونیەوە وپێویستە پاڵپشتی هەموو چالاكیەكی لەم جۆرە بكرێت كە ڕەنگدانەوەی كەلەپوور وشارستانی ومێژووی وڵاتەكەمان بێت.
ئەوەشی دووپات كردەوە هونەر پەیوەستە وبەها كۆمەڵایەتیەكان بەهێزتر دەكات وبنەماكانی لێبووردەیی وپێكەوەژیانی ئاشتیانە پتەوتر دەكات.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران
سێ شەمە 23 ی تەمــوزی 2019