د.بەشیر حەداد جەخت لەسەر بەڕێوەچوونی سەرژمێری دەكاتەوە لە واده‌ی‌ خۆیدا

ئەمڕۆ سێ شەمە 30/7/2019 د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لەشوێنی حەوانەوەی خۆی لەبەغدا پێشوازی لە لوئەی شەبانە بەڕێوەبەری هەرێمی سەندووقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری دانیشتوان وشاندی یاوەری كرد.

لەم دیدارەدا كە راوێژكار مەهدی عەلاق تیایدا ئامادەبوو، باس لەو ڕێگایانە كران بۆ كاراكردنی میكانیزمی هاوكاری هاوبەش لەنێوان ئەنجوومەنی نوێنەران وئەم دەزگایەی نەتەوە یەكگرتووەكان ، هەروەها تیشك خرایە سەر یاسای سەرژمێری دانیشتوان كە ئەمڕۆ یەكێكە لە پێویستیەكانی عیراق ویەكێكە لەو خاڵە گرنگانەی عیراق جەختی لەسەر دەكات بۆ پێشكەوتنی عیراق لە هەموو بوارەكان دا.

د.بەشیر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد سەرژمێری رۆڵێكی گەورەی دەبێت لە چەسپاندنی داتا وزانیاری ورد لەبارەی ژمارەی دانیشتوان هەروەها جەختیشی لەسەر رۆڵی گرنگی نەتەوە یەكگرتووەكان كردەوە لەم بارەیەوە وستایشی هەوڵ وكارەكانیانی كرد بۆ پاڵپشتیكردنی عیراق بەتایبەتی سەندووقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری دانیشتوان بۆ پاڵپشتی عیراق لەڕووی تەكنیكی وتەكنەلۆژیەوە لەقۆناغی ئاوەدانكردنەوە لەدوای رزگاربوون لە تیرۆریستانی داعش .

بەڕێزیان رونی كردەوە هەوڵەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ هەردوو سەرۆكایەتی كۆمار وئەنجوومەنی وەزیران بەردەوامن بۆ سوود وەرگرتن لە تواناو ووزەی پێویست بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانی ئەم وڵاتە وچەسپاندنی پرەنسیپی ئاشتەوایی نیشتیمانی كۆمەڵایەتی لەنێوان پێكهاتەكانی عیراق وگەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنەكانی خۆیان، ئەوەشی خستەڕوو لایەنە سیاسیەكانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی ئیڕادەیەكی پتەویان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ونەهێشتنی بێكاری وپێشخستنی وچارەسەركردنی كێشە وگرفتەكانی نێوان هەولێر وبەغدا بەپێی دەستوور.

هەر لەم دیدارەدا بەڕێزان شەبانە وعەلاق خۆشحاڵی خۆیان بەم سەردانە وگفتوگۆكردن لەبارەی چەندین پرس وبابەتی گرنگ كە خاوەنی گرنگیدانی هاوبەشن، ئامادەیی سەندووقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری دانیشتوانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانیان نیشان دا بۆ پاڵپشتیكردنی گەلی عیراق لە ئەنجامدانی سەرژمێری ساڵی 2020 وجێبەجێكردنی چەندین پرۆژەی پێویست وگرنگیدان بە پێشكەوتن وبوژانەوەی ئابووری وباشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاری بۆ چەسپاندنی سەقامگیری وڵات.

 

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران

30 ی تـــــــەموزی 2019