د.بەشیر حەداد داوای یەكلایی كردنەوەی دۆسێی كوردانی فەیلی دەكات

ئەمڕۆ سێ شەمە 30/7/2019 د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لەبەغدا پێشوازی لەشاندێكی دەستەی باڵای هەماهەنگیكاری كوردانی فەیلی كرد بە سەرۆكایەتی شامل دەرویش عەلی فەیلی، لەم دیدارەدا پرسی كوردانی فەیلی ومەینەتیەكانی ئەم چینەی كۆمەڵگەی عیراقی باسی لێوە كرا كە زیاتر لە 30 ساڵی خایاند لەكاتێك دا ئەوان پێكهاتەیەكی سەرەكی ئەم كۆمەڵگایەن لەڕووی ڕەسەنایەتی ومێژوو وژمارەی دانیشتوانەوە، هاوكات جەخت لەسەر پێشكەشكردنی پاڵپتشی بۆ ئەو چینە كرایەوە كە هەمیشە بەهۆی هەڵوێستی تێكۆشەرانە وخەباتگێڕانەی زەرەرمەند بووە .
د.بەشیر ئاماژەی بۆ گرنگی بەدواداچوونی دۆسێی دۆسێی كوردی فەیلی كردەوە بە هەوڵ وهەماهەنگی نێوان هەموو لایەنە سیاسیەكانی بەشداربوو لە پرۆسەی سیاسی ولایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ چڕكردنەوەی هەموو هەوڵەكان لەبارەی گەڕاندنەوەی مافە خوراوەكانیان، ئەوەشی خستەڕوو لەدوایین سەردانی شاندی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران باس لە خیوەتگاكانی كوردی فەیلی كرا وداوا كرا پەلە بكرێت لە پێشكەشكردنی یارمەتی وپاڵپشتی بۆیان بۆ ئەوەی باری مەینەتیان سووكتر بكرێت وچارەنووسیان دیاری بكرێت بەتایبەتی لەبارەی وەرگرتنی ناسنامەوە .
لەلای خۆشیەوە شاندی میوان ستایشی هەوڵی بەردەوامی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن كرد بۆ بەدواداچوونی بەردەوامی كەیسی كوردانی فەیلی وبەردەوامی كارەكانی لیژنەكانی پەرلەمان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ گرفت ومەینەتیەكانی كوردانی فەیلی وداننان پێیان وەكو عیراقی ڕەسەن كە تائێستاش مافەكانیان زەوت كراون ودیكۆمێنت ومافە مادیەكانیان بۆیان نەگەڕاوەتەوە.
لەكۆتایی دیدارەكەش دا جەخت لەسەر گرنگی هاوكاری وهەماهەنگی هاوبەش كرایەوە لەنێوان ئەنجوومەنی نوێنەران ودەستەی باڵای هەماهەنگیكاری كوری فەیلی لەبەغدا بۆ بەدواداچوونی دۆسێی كوردی فەیلی.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران
سێ شەمە 30 ی تــەموزی 2019