سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران چاوی بە سەرۆك وەزیران دەكەوێت

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ پێنجشەممە، چاوی كەوت بە بەرێز عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران.
لە دیدارەكەدا باس لەبارودۆخی ئەمنی و سیاسی و ئابوری لە وڵاتدا كرا، لەگەڵ دواپێشهاتە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان.
هەر لە دیدارەكە جەختكراوەیەوە لەسەر هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن، و پشتیوانی لە حكومەت بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەی بەپێی وادەی دیاریكراو، و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان.
لەبەشێكی تری دیدارەكە ئەنجامی سەردانەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ كوەیت خرایەڕوو؛ بۆ گفتوگۆ كردن سەبارەت بەو پارانەی تەرخانكراوە بۆ دوبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە كۆنگرەی كوەیت بۆ وڵاتانی كۆمەكبەخش كە لە شوبات/ فەبرایەری ساڵی 2018 بەرێوەچوو، و جەختیشكرایەوە كە لایەنی كوەیتی پابەندە بە بڕیارەكانی كۆنگرەكە و پشتیوانی لە كارەكانی حكومەتی عێراق، و بەشداربوون لە دوبارە ئاوەدانكردنەوە، و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان و بەدیهێنانی سەقامگیری.

=====
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
1 ئاب 2019