جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و نێردەی تایبەتی نەتەوەيەکگرتوەکان، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و بەشداریکردنی ئاوارەکانیان لەوهەڵبژاردنانە تاوتوێ کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ١٨/٩/٢٠١٩ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشوازی کرد لە خاتوو جینین هینیس بلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق و شاندی یاوەری.
لەو کۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێزانینی بۆ رۆڵی گەورە و چالاکی نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق هەبوو بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی لە پێشکەشکردنی هاوکاری لە بواری مرۆیی وئابوری وسياسيدا، داواشی کرد کە نەتەوەیەکگرتوەکان لەهاوکارییەکانی بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بتوانرێت ناوچە ئازادکراوەکان ئاوەدان بکرێنەوە وسەقامگیری بۆ تەواوی وڵات دابین بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا چەند بابەتێکی دیکەیان تاوتوێ کرد لەوانەش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە بڕیار وایە لە 2020/4/1 ئەنجام بدرێت و چارەسەرکردنی بابەتی بەشداریکردنی ئاوارەکانی ناو کەمپەکان و بابەتی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان ئەنجومەنی نوێنەران و نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە بواری بەرەپێشبردنی ئەدای تەشریعی و چاودێری کردندا.
لەلایەن خۆیەوە نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان ئامادەی خۆی و نەتەوەيەکگرتوەکانی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و راوێژی هونەری و هاوکاری هاوبەش لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەران و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ لابردنی بەربەستەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی بەشداریکردنی تەواوی دەنگدەران کردەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردن دا و لەنێو ئەوانیشدا ئاوارەکان و گرەنتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و زیادکردنی ژمارەی چاودێرە نێودەوڵەتیەکان بەپێی پێویست لە هەڵبژاردنەکان و هاندانی دەنگدەران بۆ ئەوەی بە ئازادی دەنگی خۆیان بدەن.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە ١٨ی ئەیلولی ٢٠١٩