د.بەشیر حەداد سەردانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان کرد و پیرۆزبایی سالێادی دامەزرادنی لێکردن

رۆژی سێشەممە ١/١٠/٢٠١٩ دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و لقی هەولێری یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پیرۆزبایی ٤٩یەمین ساڵیادی دامەزراندی یەکێتیەکەیانی کرد و هیوای خواست بەردەوام بن لە خزمەتکردنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام لە هەرێمی کوردستان دا.
دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەی بە رۆڵی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان کرد هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاوەکو ئێستا و رایگەیاند، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رۆڵی گرنگی گێڕاوە لە خزمەتکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و بەستنەوەى به خؤشەويستى نيشتمان وخزمەتى خەلك، وه بەرەنگار
بوونەوەی بیری توندڕەوی و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا و ئاماژەشی بەوەدا کە هەرچەندە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دەزگایەکی فەرمی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان نیە، بەڵام بەهۆی ئەو رۆڵە گرنگەی کە گێڕاویەتی لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان دا، هەمیشە وەکو لایەنێکی فەرمی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
لەلایەن خۆیانەوە دکتۆر عەبدوڵڵا سەعید وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان سوپاسی سەردانەکەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە جێگەی شانازییە بۆ ئەوان کە دکتۆر بەشیر حەداد وەکو مامۆستایەکی ئایینی لە پۆستێکی باڵای عێراق دایە و هیواشیان خواست کە لە پاڵ کاری سیاسی دا دکتۆر بەشێر بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام.
لە هەمان کاتدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی لقی هەولێری یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانی کرد و لەلایەن مامۆستا نیاز دێگەیی سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی زانايانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و ئەندامانی لقی هەولێرەوە پێشوازی لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا دکتۆر بەشیر حەداد بەبۆنەی ٤٩یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیەکەیانەوە پیرۆزبایی لێکردن و هیوای خواست کە سەرکەوتوو بەردەوام بن لە خزمەتکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دا.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سێشەممە ١/١٠/٢٠١٩