د.بەشیر حەداد لەگەڵ ئەمینداری گشتی کۆمەڵەی پەرلەمانانی ناتۆ و سەرۆکی لیژنە پەرلەمانیەکانی کۆمەڵەکە کۆبوویەوە

دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی شاندی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبونەوەی کۆمەڵەی پەرلەمانانی ناتۆ رایگەیاند، ئامانج لە بەشداریکردنی شاندەکەیان لەو کۆبوونەوانەدا بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و هەمانگی و پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانانی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ دا بوو.
لە میانەی دیدارێکدا لە نێوان دکتۆر بەشیر حەداد و شاندی یاوەری لەگەڵ دێڤید هۆبز ئەمینداری گشتی کۆمەڵەی پەرلەمانانی ناتۆ و، خاتوو مادلین مون سەرۆکی لیژنە پەرلەمانیەکانی کۆمەڵەکە، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی دا کە عێراق دوای سەرکەوتنەکانی بەسەر تیرۆردا، کاری لە پێشینەی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوە و دوبارە دروستکردنەوەی ژێرخانی وڵات و گرنگی دانە بە بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی یەکترقبوڵکردن و گفتوگۆکردن و ئاشتی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و پابەندبوون بە سیاسەتی هاوسەنگی و بێلایەنی بەرامبەر بە رووداوەکانی ناوچەکە و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان و جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەردەوامی پەیوەندییە ستراتیژیەکان لە نێوان عێراق و وڵاتانی ناتۆ بەرهەمێکی باش و ئەرێنی دەبێت بۆ هەردوولا.
لەلایەن خۆیەوە خاتوو مادلین مون سوپاسی بەشداری شاندی عێراقی کرد لە کۆبونەوەکانی کۆمەڵەکەیان و رایگەیاند بەشداریکردنی ئەو شاندە رۆڵی دەبێت لە فراوانکردن و قوڵبونەوەی ئاستی پەیوەندی و دۆستایەتی هەمیشەیی نیوان هەردوولا و بەردەوامبوونی ئەو دۆستایەتیەش رۆڵی باشی دەبێت بۆ گەیشتن بە ئاسایش و ئارامی و گەشەکردنی ئابووری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
یەکشەممە ١٢/١٠/٢٠١٩