د.بەشیر حەداد لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی پەرلەمانانی ناتۆ: بەشداری عێراق لەو کۆبونەوانەدا لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەکانە بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشانەی روبەڕوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونەتەوە

لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەکان بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشانەی روبەڕوی عيراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونەتەوە، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٢/١٠/٢٠١٩ لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی پەرلەمانانی ناتۆ دەستی بەکارەکانی کرد.
کۆبونەوەکان ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبن و شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش بە سەرۆکایەتی دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێیدا بەشدارە .
دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەدا بەشداربونی شاندی عێراقی لەو کۆبونەوانەدا بۆ راوێژ و راگۆڕینەوەیە لەگەڵ پەرلەمانتارانی وڵاتانی ناتو سەربارەت بە کۆمەڵێک دۆسیە، لەوانەش دۆسیەی ئابووری و ئاسایش و بةرگرى و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهان.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند”ئێمە لەو کۆبوونەوەیەدا باسمان لە بارودۆخی ئێستای عێراق کرد کە لە قۆناغی هەستانەوە و سەرکەوتنە بەسەر تیرۆردا” و ئاماژەشی بەوەدا کە لە ئێستادا عێراق کاردەکات بۆ دوبارە بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری و سەقامگیری سیاسی، بۆ ئەوەش پێویستی بە هاوکاری وڵاتانی دیکە هەیە، بەتایبەت وڵاتانی ناتۆ بۆ ئەوەی لەو پرۆسەیەدا یارمەتی عێراق بدەن. .
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند له پەراوێزی کۆبونەوەکان چاوپێکەوتنی تایبەتیمان دەبێت لەگە شاندى پەرلەمانی ولاتانى بەشدار به ئامانجى گفتوگۆ و پتەوکردنی پەیوەندی دوقۆڵی.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
شەممە ١٢/١٠/٢٠١٩