د.بەشیر حەداد و شاندی كۆنگريسى ئەمریکی گەشەپێدانی هاوکاری نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد

رۆژی یەکشەممە ١٣/١٠/٢٠١٩ دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ شاندێکی كۆنگريسى ئەمریکی بەسەرۆکایەتی سیناتۆر برندن بویل له لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کۆبوویەوە.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەولەكانى روبەڕوبونەوەى تیرۆر و هاندانى وەبەرهێنان كه چۆن بکرێنە فاکتەرێکی بەهێز بۆ گەشەپێدانی ئابوری و سةقامگيرى له عێراق کرا.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نیگەرانی وڵاتەکەی پیشاندا بەرامبەر ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە.
دکتۆر بەشیر حەداد، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە عێراق نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک و رێگەش نادات لە خاکەکەیەوە هێرش بکريتە سەر وڵاتێکی دیکە، ئاماژەشی بەوەدا ئەو کۆمەڵە بڕیارەی پەرلەمانی عێراق دەریکردون سەبارەت بە جێبەجێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران کاریگەری لەسەر هێوربوونەوەی خۆپیشاندانەکان دەبێت.
لە لایەن خۆشیەوە سیناتۆر برندن بویل، دەستخۆشی لە شاندی عێراقی کرد بۆ بەشداربوونی لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی پەرلەمانتارانی ناتۆ و رایگەیاند، کۆنگرێسی ئەمریکا لە سەروبەندی ئەوەدایە کۆبوونەوەی چڕوپڕ ئەنجام بدات بۆ گرتنە بەری رێوشوێنی پێویست و دەرکردنی کۆمەڵێک بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بەرامبەر تورکیا و جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی عێراق و گەڕانەوەی بۆ پێگەکەی جارانی لە نێو وڵاتانی جیهان.