د.بەشیر حەداد و سەلیم جبوری رەوشی عێراقیان تاوتوێ کرد

رۆژی سێشەممە ١٧/٢/٢٠١٩دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا پێشوازیی کرد لە دکتۆر سەلیم جبوری سەرۆکی پێشووی ئەنجومەبی نوێنەرانی عێراق و لە کۆبوونەوەیەکدا باسی کۆی پێشھاتەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراقییان کرد.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرس و دۆسییە دیکەیان تاوتوێ کرد لەوانەش ئیستیحقاقە دەستوورییەکان و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ بۆ ئەوەی لەم قۆناغە ھەستیار و قورسەدا کە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت ئەرکەکانی جێبەجێ بکات.
دکتۆر بەشیر حەداد جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی بەردەوامبونی دیالۆگ لەنێوان فراکسیۆنەکانی ناو ئەنجومونی نوێنەران و لایەنەکانی کایەی سیاسی و گفتوگۆکردنی دەستپێشخەرییە نیشتیمانییەکان کە ئەم چەند رۆژە لەلایەن ھەندێک کەسایەتی سیاسی خرانە روو، داواشی لە تەواوی لایەنەکان کرد کە بەرژەوەندیی عێراق و گەلەکەی بخەنە سەروو ھەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی روونکردەوە کە فراکسیۆنە کوردستانییەکان سوورن لەسەر بەرقەراریی سیاسی و ئاسایش لە ھەموو وڵات و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بەھاوڵاتیان لەرێگەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک لە ھەڵبژاردنی حکومەتێکی نیشتیمانی بەھێز کە بتوانێت ئەم قەیرانەی ئێستا تێپەرێنێت، لەگەڵ چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بتوانێت ئەرکە چاودێری و یاسادانان و پەسەندکردنی یاساکان و وەڵامدانەوەی داواکارییە رەواکانی خۆپیشاندەران.

نوسینگەی راگەیاندنی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
١٧/١٢/٢٠١٩