د.بەشیر حەداد: پێش کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران داوامان کرد هەر بڕیارێک دەدرێت با بڕیارێکی نیشتمانیی و پێکەوەیی بێت و پەلەی تێدا نەکرێت

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هەر هێز و لایەنێک بەشداری کۆبونەوەکەی رۆژی یەکشەممە ٢٠٢٠/١/٥ نەکردبێت دڵسۆزیان کەمتر نیە لەوانەی ئامادەبوون، بەڵکو لە سۆنگەی رەچاوکردنی بارودۆخی نالەباری نیشتمان و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتەوە نەيانويستوه بەشداربن له بڕيارێکی وەها هەستيار و گرنگ.
لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە کۆبونەوەکەی رۆژی یەکشەممە ٢٠٢٠/١/٥ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دکتۆر بەشیر حەداد رایگەیاند، “پێش دانيشتنەکەی پەرلەمان و لە کۆبونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان، داوام لە هەموو فراکسیۆنەکان کرد کە پێویستە پەلە نەکرێت لە دەنگدان لەسەر بڕیاری کردنە دەرەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق و هەر بڕیارێکی لەو شێوەیەش با بڕیاری هەموو لایەنەکان بێت نەک تەنھا بڕیاری پێکھاتەیەک بە تەنھا و پەلەی تێدا نەکرێت.”
لە بەیاننامەکەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەش بەوەدەکات، “لە کۆبونەوەکەدا ئاماژەم بەوەداو كه بڕیاری کردنە دەرەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق پێویستە ھەموو دەرھاویشتە ئەمنی و سیاسیی و ێابوورییەکانی بەشێویەکی باش دیراسە بکرێن و بەرژەوەندی گشتی تێدا رەچاو بکرێت.
بەپێی بەیاننامەکە، لە کۆبونەوەکەدا دکتۆر بەشیر حەداد، داوای کردووە هەریەک لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرانى بەرگری و ناوخۆ و دارایی بانگهێشتی دانیشتنی پەرلەمان بکرێن بۆ ئەوەی ئەو بابەتەیان لەگەڵ دا تاوتوێ بکرێت و پاشان بڕیاری لەسەر بدرێت، بەڵام تەنیا سەرۆک وەزیران بانگهێشت کرا و وەزیرەکانی دیکە بەشداری کۆبونەوەکە نەبوون.

نوسینگەی راگەیاندی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٠/١/٧