د.بەشیر حەداد داوا لە لایەنە سیاسیەکانی عێراق دەکات پەلە بکەن لە دیاری کردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا لە فراکسیۆنەکان و لايەنە سیاسیەكانى عێراق دەکات کۆتایی بە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت بھێنن، چونکە عێراق بە قۆناغێکی ھەستیار و ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی کردەوە لەسەر گرنگی ھەست پێکردنی مەترسييەكانى بارودۆخەکە و زیادبوونی کێشەی ئەمنی و ئابووری و پەککەوتنی جوڵەی ژیانی ھاوڵاتیان لە زۆربەی ناوچەکانی وڵات و بێ توانایی حکومەتی ئێستا له کۆنترۆڵ کردنیدا، کە ئەوەش نیگەرانی لای تەواوی خەڵکی عێراق دروست کردوە.
دکتۆر بەشیر حەداد رایگەیاند، كه بارودۆخەکە لە سایەی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان و زیادبوونی رۆژانەی ژمارەی قوربانیەکان و بەردەوامی تێکھەڵچونەکان جێگەی نیگەرانیە و پێویستە حکومەتیش بە بەرپرسیارێتی خۆی ھەستێت بە پاراستنی گیانی ئەو خۆپیشاندەرانە کە بەشێوەیەکی ئاشتیانە داوای مافە رەواکانی خۆیان دەکەن و وەڵامی داواکارییە رەواکانیان بداتەوە و ئاسایشیان بپارێزێت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ئامادەیە بۆ پێشکەش کردنی ھەر ھاوکارییەک بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی خێرا و کرداری، وه ھەر کاتێکیش پێویست بكات ئەنجومەنى نوێنەران ئامادەیە کۆببێتەوە بۆ متمانە دان به حکومەتی نوێ، هە کاتێک لایەنە سیاسیەکان لەسەر بەربژێرێک رێککەوتن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، وە پێویستە ئەو کەسەى بەربژێر دەکرێت لەلایەن شەقامەوە پەسەند بێت و ھەموو لایەنەکانیش لەسەری رێکبکەون”.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٠/١/٣٠