بەیاننامەی هاوبەش

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان بە یاوەری ژمارەیەك پەرلەمانتاری هاوپەیمانییەكە چاوی كەوت بە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان.
لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆیان كرد سەبارەت بە بارودۆخی ئێستا و ئەو قەیرانە سیاسیەی عێراق پێیدا تێپەڕدەبێت،لە نێویشیاندا پێكهێنانی حكومەت، لەسەر رۆشنایی ئەو كۆبونەوەیەش هەردوولا رێكەوتن لەسەر ئەم خاڵانە:
1- كاركردنی سەرجەم هێزە عێراقییەكان بۆ دەرچوون لە دۆخی ناهەمواری ئێستا، بەوجۆرەی سەقامگیری بۆ بەغدا و پارێزگاكانی باشوری عێراق بگەرێنێتەوە.
2- هەر حكومەتێكی داهاتوو پێویستە نوێنەرانی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق لەخۆبگرێت، لەسەر بنەمای هاوبەشی نیشتمانی.
3- پێویستە بەرنامەی حكومەت بۆچونێكی ڕوونی هەبێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بەزوترین كات وەك جێبەجێ كردنی داواكاری خۆپیشاندەران و پێویستە ئەو پرسە ئەولەویەتی حكومەتی داهاتووبێت.
4- پێویستە حكومەت پلانێكی ڕوونی هەبێت بۆ گەڕانەوەی هەیبەت بۆ دامەزراوەكانی دەوڵەت و باشكردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و كۆتاییهێنان بەدەستوەردانی دەرەكی،و هێشتنەوەی چەك بە دەستی دەوڵەت، و كۆتاییهێنان بە دیاردەی چەكداری نافەرمی.
5- بەردەوامبوونی هاریكاری لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ هاریكاری عێراق بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی مەرترسی تیرۆر، و لەناوبردنی پاشماوەكانی داعش.
6- كاری بەردەوام بۆ گەیشتن بە وابەستەبونێكی بەهێز لەپێناو هەماهەنگی هەڵوێستی نێوان هەردوولا و هاوبەشەكانی تر.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
16 شوباتی 2020