د.بەشیر حەداد: نابێت لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق هیچ پێکهاتەیەک پشت گوێ بخرێت

رۆژی یەکشەممە ٢٠٢٠/٢/١٦ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە شاری هەولێر سەردانی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگاوە پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێکدا باس لە دوا گۆڕانکارییە سیاسیەکانی عێراق کرا و هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی هەوڵی هەموولایەنە سیاسیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەی کە ئێستا عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سوپاسی هەوڵ و ماندووبونەکانی بەرپرس و ئەندامانی نوسینگە و کادیرانی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد کە ماندوو نەناسانە کاردەکەن و ئاماژەشی بەودا زیادبوونی رێژەی کورسیەکانی پارتی لەدوا هەڵبژاردندا نیشاندەری هەوڵە پڕ بەرهەمەکانی ئەوان بووە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا کە، بە پێی ئەو ماوە دەستووریەی کە بۆی دانراوە، تەنیا چەند رۆژێکی کەم لە بەردەم محەممەد تۆفیق عەلاوی راسێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق ماوە بۆ ئەوەی کابینەی نوێی حکومەتەکەی رابگەیەنێت و هیواشی خواست عەلاوی لەو ماوەیەدا بتوانێت کابینەیەکی هاوسەنگ پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکات، بەشێوەیەک کە جێگەی رەزامەندی تەواوی لایەنە سیاسییەکان و شەقامی عێراقی بێت، به بەشدارى پيكهاته سەرەكييەكانى عيراق بۆ ئەوەى سەقامگیری بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداریشی دا لەوەی کە گرنگی نەدان بە ماف و داواکارییەکانی پێکهاتەكان و بەشداری پێنەکردنیان لە کابینەی نوێ دا، کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر سەقامگیر و پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی لە عێراق دا .
لەلایەن خۆشیەوە خەسرەو گۆران سوپاسی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد بۆ بەسەرکردنەوەی دەزگاکەیان و ئاماژەشی بەوەدا کە جێ دەستی بەڕێزیان لە بەغدا دیارە و هیواشی خواست کە بە هەمانگی و هاوکاری و یەکگرتووی فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە بەغدا بتوانن دەستکەوتی زیاتر بۆ گەلی کوردستان بەدەست بهێنن و ئەو دەستکەوتانەش کە هەن بپارێزرێن.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
یەکشەممە ٢٠٢٠/٢/١٦