جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئیدانەی پەلامارە تیرۆرستیەکەی شەوی رابردووی سەر گوندی چەخماخەی سەربە قەزای دوبز دەکات

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆرستیە دەکات کە شەوی رابردوو کرایە سەر گوندی چەخماخە لە سنوری قەزای دوبزی سەر بە پارێزگای کەرکووک و بەهۆیەوە چوار کەس شەهید بوون و دوکەسی دیکەش بریندار بوون.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وێڕای سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو شەهیدانە و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان، ئاماژە بەوەدەکات کە دوبارە بوونەوەی ئەو پەلامارە تیرۆرستیانە لەو ناوچانە واتای ئەوە دەگەیەنێت کە هێزەکانی سەر بە حکومەتی فیدراڵی بەتەنیا ناتوانن ئەمنیەت و ئاسایشی ئەو ناوچانە بپارێزن و کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەکە بکەن.
دکتۆر بەشیر حەداد رایگەیاند:”پێویستە هەرچی زووە ئەو کۆبوونەوانەی کە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبوون بۆ گەشتن بە رێکەوتنێک لەسەر گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ئەو ناوچانە، دەست پێبکەنەوە بۆ ئەوەی هەردوولا لەسەر شێوازی جێگیرکردنی هێزەکان لەو ناوچانە بگەنە رێکەوتنێک، تاوەکو چی دیکە تیرۆرستان نەتوانن پلانە گڵاوەکانیان جێبەجێ بکەن و هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە بکەنە قوربانی.”
حەداد ئاماژەش بەوەدەکات کە، ئەوان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری و پەرلەمانتارانی کەرکووکی ئەنجومەنی نوێنەران، لیژنەیەکی تایبەتی بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەو بابەتە پێکدەهێنن و ئامادەی هەر هاوکاری و هەماهەنگییەکیشن کە رێگە خۆشکەر بێت لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر جێگرکردنی هێزەکانی سەربە حکومەتی فیدراڵی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق لەو ناوچانە.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە ٢٠٢٠/٢/١٩