د.بەشیر حەداد سەردانی هەردوو رێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستانی کرد و پیرۆزبایی ٦٧ ساڵەی دامەزراندنی لێکردن

رۆژی چوار شەممە ٢٠٢٠/٢/٢٦ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری هەولێر سەردانی هەردوو رێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستانی کرد و پیرۆزبایی ٦٧ ساڵی دامەزرانی لە سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و ئەندام و لایەنگرانی هەردوو رێکخراوەکە کرد.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختى كردەوه له سەر رۆڵ و پێگەی گرنگی قوتابيان ولاوان و، گوتیشی “ زۆربەی سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان چ سەرکردە حیزبیەکان و چ ئەوانەی لە حکومەتن رۆژێک لە رۆژان ئەندام و کادیری ئەو دوو رێکخراوە بوون”.
دکتۆر بەشیر حەداد، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو دوو رێکخراوە هەمیشە وەکو پردێکی پەیوەندی بوون لە نێوان دەسەڵات لەلایەک و قوتابیان و لاوان لەلایەکی دیکەوە و توانیویانە کێشەکانیان بگەیەننە دەسەڵات و لە هەمان کاتیشدا رۆڵێکی کارایان لە پەروەردە کردنی قوتابیان و لاوانی هەرێمی کوردستان دا گێڕاوە و هیواشی خواست لە سەر ئەو کارەیان بەردەوام بن.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەشی بەوەدا کە پێویستە قوتابیان و لاوان لەپاڵ پەروەردەکردن و پێگەیاندنیان بە زانست و زانیاری و بیری نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری، لایەنی بونيادنانى كەسايەتی گەشەپێدانی مرۆیی پەرە پێ بدەن و کاری لەسەر بکەن، بەشێوەیەک کە هەر تاکێکی کۆمەڵگە هاوتەریب لەگەڵ بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگەکەی رێز لە بەھاکانی ئەو کۆمەڵگەیە بگرێت کە تێدا دەژیت.
دکتۆر بەشیر حەداد، هیواشی خواست کە هەردوو رێکخراو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رێکخراوەکانی هاوشێوەی خۆیان لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش پەرە پێ بدەن و بتوانن لەو رێگەیەوە، لەپاڵ کاروچالاکیەکانی خۆیان خزمەت بە نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بکەن و لە هەمان کاتیشدا بتوانن کاری پێکەوەیی و هاوبەشی جوان بۆ خزمەتکردنی زیاتری قوتابیان لاوان ئەنجام بدەن.
حەداد ئاماژەشی بەوەدا کە ئەوان وەکو جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئامادەی هەر هاوکاری و هەماهەنگیەکن لە گەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی فیدراڵی و لیژنەی پەروەردە و خوێندنى بالا و لاوان لە پەرلەمانی عێراق بۆ دروستکردنی پەیوەندی و هەبوونی هەماهەنگی لە نێوانیان دا، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی زیاتر بە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بکەن.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە ٢٠٢٠/٢/٢٦