د. بەشیر حەداد پیرۆزبایی رۆژی مامۆستا لە مامۆستایانی هەرێمی کوردستان دةكات

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا پیرۆزبایی رۆژی مامۆستا، لە مامۆستایانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و داوا دەکات کۆمەڵگا رێزی زیاتر لە هەوڵ و ماندووبوونەکانی مامۆستایان بگرێت.
دکتۆر بەشیر حەداد، رایدەگەیێنێت :”مامۆستایان چرا و رووناکی هەموو گەل و نەتەوەیەکن و لەم رۆژەشدا پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی مامۆستایانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەم.”
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا دەکات، حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاوڕی جدی تر لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی خوێندن و کەرتی پەروەردە بەگشتی بداتەوە و بایەخی زیاتریش بە پیشەی مامۆستایەتی بدات، بۆ باشکردنی بارودۆخی ژیانی مامۆستایان و پاراستنی مافەکانیان و دروستکردنی نەوەیەکی بەهێز بە زانست و پەروەردە لە پێناو گەشەسەندنی وڵات و بەرەو پێشبردنی.
حەداد ئاماژەش بەوەدەکات کە مامۆستایانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە خراپترین بارودۆخ دا کە عێراق و هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕیوە وازیان لە پیشەکەی خۆیان نەهێناوە و بەبێ ئەوەی چاویان لە مووچە و مافەکانیان بێت، بەردەوام بوون لە وانە وتنەوە و نەیانهێشتووە پرۆسەی خوێندن لە وڵاتدا رابوەستێت، بۆیە پێویستە هەمیشە ئەو هەڵوێستەیان بەرز بنرخێنرێت و رێزیان لێ بگیرێت.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەش بەوەدەکات کە فێرکردنێکی باش و پەروەردەکردنێکی دروست مژدەبەخشی ژیانێکی باشتر و داهاتوویەکی گەشتر بە وڵات دەدات و هیوا خوازیشە هەموو ساڵێک مامۆستایانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە خۆشیەوە ئەو یادەیان بکەنەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
یەکشەممە ١ی ئادارى ٢٠٢٠