د.بەشیر حەداد لە گەڵ دیوانی وەقفی سوننی، جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی رۆحی نیشتمانی و لێبوردەیی لە گوتارە ئایینیەکان کردەوە

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٠٢٠/٣/٢ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری بەغدا سەردانی دیوانی وەقفی سوننی کرد و لەلایەن دکتۆر سەعد کەمبەش سەرۆکی دیوان و ژمارەیەک لە کادیرە پێشکەوتووەکانی وەقفی سونییەوە پێشوازی لێکرا.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پیرۆزبایی لە بەڕێز کەمبەش کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
لە دانیشتنێکدا دکتۆر بەشیرحەداد، جەختی لە گرنگی یەک گوتاری ئایینی و بڵاوکردنەوەی بیری میانڕۆیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و کلتوری لێبوردن لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە و زیاترکردنی رۆڵی دامودەزگا ئایینییەکان لە بەهێزکردنی بەها ئینسانییەکان کردەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا کە پەرلەمانتار ئیمان عوبێدی ئامادەبوو، چەندین بابەتی گرنگ کە پەیوەست بوون بە رۆڵی دامودەزگا ئایینیەکان و کاریگەرییە ئەرێنییەکانیان لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە تاوتوێ کران.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لە گرنگی هاریکاری هاوبەشی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و دامودەزگاکانی دەوڵەتی کردەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیران و کێشەکانی وڵات و کارکردن بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان.
دکتۆر بەشیر حەداد جەختیشی لە گرنگی بەردەوامی هەهاهەنگی و هاوکاری و پەیوەندی نێوان دیوانی وەقفی سوننی و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە هەرێمی کوردستان کردەوە، بەتایبەت لە چالاکی و رێوڕەسمەکاندا ئەوەش لە پێناو بەهێزکردنی رۆحی برایەتی لە نێوان کۆی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا.

‎نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
‎دووشەممە ٢٠٢٠/٣/٢