د.بەشیر حەداد سەردانی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد و هەوڵ و ماندوو بوونەکانی سەرۆک و کارمەندانی دەزگاکەی بەرز نرخاند

رۆژی پێج شەممە ٢٠٢٠/٤/٩ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری هەولێر سەردانی دەزگای خێرخوازی بارزانیى کرد و لەلایەن موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگاكه پێشوازی لێکرا.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سوپاسی هەوڵ و ماندوبوون و بەهاناوەچوونەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد کە لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرەنتینەکردنی شارەکان توانیویانە پێداویستی خۆراکی و دەرمان و پێداویستییەکانی دیکەی رۆژانە بگەیەننە ئەو گەڕەک و کۆمەڵگە و گوندانەی کە کەرەنتینە کراون.
دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەش دا کە دەزگای خێرخوازی بارزانی ناوێکی درەوشاوەیە و جێ دەستی دیارە لە خزمەتکردن و بەهاناوە چوونی هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان و تەنانەت پارچەکانی دیکەی کوردستانيش کە لە کاتی دروست بوونی هەر کارەساتێک دا توانیویەتی پێداویستییەکانی رۆژانە بگەیەنێتە ئەو ناوچانە و لە کاتی بڵاو بوونەوەی ئەو ڤایرۆسەشدا تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە هەموو شاروشارۆچکەکانی کوردستان توانیویانە بە بێ جیاوازی پێداویستیيەکان بەسەر خەڵکی هەژار و کەم دەستدا دابەش بکات.
دکتۆر بەشیر حەداد هیوای خواست ئەو کەسانەی کە توانای داراییان باشە هاوکاری دەزگاكانى خێرخوازی بکەن تاوەکو ئەو دەزگایانە بەشێوەیەکی باشتر بتوانن خزمەتی هاوڵاتیانی هەژار و نەداری هەرێمی کوردستان بکات و پێکەوە بتوانین ئەو قۆناغەش تێپەڕێنن.
‎جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئامادەیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی دەربڕی بۆ هەر هەماهەنگیەک کە پێویست بێت لەگەڵ ئەو رێکخراوە خێرخوازی و بیانییانەی کە لە عێراق کاردەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی باشتر خزمەتی هاوڵاتیان بکەن.
‎ لەلایەن خۆیەوە موسا ئەحمەد بەناوی خۆی و کارمەندانی دەزگاکەیانەوە سوپاسی سەردانەکەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد و بەڵێنیشی دا ئەوەی لە توانایاندا بێت بیکەن بۆ هاوڵاتیانی کەمدەستی هەرێمی کوردستان لە هەر شوێنێک بێت .

‎نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٠/٤/٩