د.بەشیر حەداد لەگەڵ ھەردوو پارێزگارى دیالە و سەلاحەددین رێکارەکانی تەندروستی و ئاسايش و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و سەقامیگریان تاوتوێ کرد

رۆژی سێشەممە ٢٠٢٠/٦/٩ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا پێشوازی کرد لە موسەنا ئەلتەمیمی پارێزگاری دیالە و عەمار جەبر خەلیل، پارێزگاری سەلاحەددین.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران ئامادەی بوون، چەندین بابەتی گرنگ تاوتوێ کران، بەتایبەت دۆسیەکانی تەندروستی و ئەمنی و خزمەتگوزاری لە پارێزگاکان و چارەسەرکردنی کێشەکان و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەو پارێزگایانە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تيشكى خسته سەر بارودۆخی ناوچه كوردنشینەکانی وەک قەزای خورماتو و گوندە کوردییەکانی ئەو ناوچانە و پاراستنى سەروماڵی ھاوڵاتیان به گشتى، ئاماژەشی بەوەدا کە پێویستە ھاوسەنگی نيشتمانى له نێوان پێکھاتەکانی ناوچەکەداپارێزراو بێت و هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە کاریگەری راستەوخۆی کردووەتە سەر ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیان بەشێوەیەکی گشتی و رێنماییە تەندروستیەکان جێبەجێ بکرێن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا دکتۆر بەشیر حەداد باسی لە گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان و شانەی قەیرانەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنە تایبەتمەندەکان کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە سەختەی ئێستا وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بنەرەتی بە هاوڵاتیان.

‎نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٠/٦/٩