د.بەشیر حەداد داوا لە سەرۆکوەزیران دەکات رەچاوی هاوسەنگی نيشتمانى بکرێت لە دامودەزگاکانی دەوڵەت لە نێوان پێکهاتەکانی وڵات

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا لە مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەکات، رەچاوی هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراق بکرێت لە نێو دامودەزگاکانی دەوڵەت بەمەبەستی بەهێزکردنی سەقامگیری و ئینتمای نیشتمانی بۆ وڵات.
دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەش بەوەدەکات کە دەستووری عێراق جەخت لەسەر گرنگی هاوسەنگی لە نێوان پێکهاتەکانی وڵات دەکاتەوە و لە مادەی ٣ دا ئاماژە بەوەدەکات کە (عێراق وڵاتێکە لە نەتەوە و ئایین و ئایینزای جیاجیا پێکهاتووە)، هەروەها لە مادەی٩ بەشی یەکەمدا دەڵێت (هێزە چەکدارەکانی عێراق و دەزگاکانی ئاسایش لە پێکهاتەکانی گەلی عێراق پێکدێت بە رەچاوکردنی هاوسەنگی و رێژەی نوێنەرایەتی کردنیان بەبێ جیاوازی یان دورخستنەوەی هیچ لایەک).
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داواش دەکات کە چاو بخشێنرێتەوە بە فەرمانی دامەزراندنەکان لە وەزارەتەکان و دامودەزگاکانی حکومەت، بەتایبەت دامەزراندنەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی بەرگری بۆ پلە باڵاکان و وەرگرتنی رێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی هاوسەنگی لە نێوان تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقی.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٠/٦/٩