د.بەشیر حەداد ئیدانەی کردەوە تیرۆرستییەکەی گوندی (دارا) ی سەر بە قەزای خانەقین دەکات کە بەهۆیەوە ٧ هاوڵاتی کاکەیی شەهید بوون

بەداخێکی زۆرەوە شەوی رابردوو تیرۆرستان هەڵیان کوتایە سەر گوندی (دارا) ی سەر بە قەزای خانەقین و لە ئەنجامدا ٧ هاوڵاتی کاکەیی کە هەموویان ئەندامی خێزانێک بوون شەهید بوون و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.
لێرەوە بە توندی ئیدانەی ئەو کردەوە ترسنۆکانە دەکەین و پرسەو سەرەخۆشی خۆشمان ئاراستەی خانەوادەی شەهیدانی ئەو کردەوە تیرۆرستیە دەکەین هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین و
داواش لە هێزە ئەمنیەکان و سوپای عێراق دەکەین کە لەو ناوچانە جێگیر کراون بە ئەرکی خۆیان هەستن و سەروماڵی هاوڵاتیان بپارێزن.
دووبارە دەکەینەوە کە پێویستە بە زووترین کات دانوستاندنەکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ دەست پێکەنەوە بۆ کەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر جێگیرکردنی هێزێکی هاوبەش سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کە لە ئێستادا زۆرترین چالاکییەکانی تیرۆرستان لەو ناوچانەدان، چونکە ئەزموونی چەند ساڵی رابردوو سەلماندى ئەو هێزانەی لەو شوێنانە جێگیرکراون توانای پاراستنی ناوچەکەیان نییە.

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٠/٦/١٤