د.بەشیر حەداد هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکات و داوا لە PKK و دەوڵەتی تورکیا دەکات کێشەکانیان لەسەر مێزی دانوستان چارەسەر بکەن

بەداخەوە بە ھۆی پەلامار و هێرشە بەردەوامەکانی چەند رۆژی رابردووی هێزەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک هاوڵاتی سڤیل و بێتاوان لە چەند ناوچەیەکی سەر بە پارێزگای دهۆک شەھید و برینداربوون، بەو بۆنەوەیە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری ئەو شەهیدانە دەکەین و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئێمە بە توندنی ئیدانەی ئەو هێرش و پەلامارانەی سوپای تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان دەکەین و دوپاتی دەکەینەوە ئەوە پێشێل کردنی سەروەری خاکی عێراقە و پێویستە لە سەر حکومەتی فیدراڵ بەزووترين کات داوا لە دەوڵەتی تورکیا بکات ئەو هێرشانە رابگرێت، تاوەکو لەوە زیاتر هاوڵاتیانی بێ تاوان نەبنە قوربانی.
داوا لە دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستانیش دەکەین، کێشەکانیان لە رێگەی گفتوگۆ و لەسەر مێزی دانوستاندن چارەسەر بکەن و جەختیش لەسەر ئەوە دەکەینەوە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق گوڕەپانی چالاکی و پێکدادانی نێوان ئەو دوو هێزە نییە و ئەزموونی ساڵانی رابردووش سەلماندوویەتی هیچ کام لە دوو هێزە ناتوانن بە شەڕ ئەوەی دەیانەوێت بە دەستی بهێنن.

د.بەشیر خەلیل حەداد
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٠/٦/١٩