پەیامی دکتۆر بەشیر حەداد بەبۆنەی ساڵرۆژی ئەنفالی بارزانییەکان

ئەمڕۆ ٣٧ ساڵ بەسەر تاوانێکی گەورەدا تێپەڕ دەبێت کە لە ١٩٨٣/٧/٣١ دەرحەق بە گەلی کوردستان کرا و تێیدا نزیکەی ٨ هەزار بارزانی بە سێ قۆناغ و لە ماوەی ١٢ رۆژدا کۆمەڵکوژ کران و تەنیا تاوانی ئەو کەسانەش ئەو بوو کە کورد بوون.
ئامانج لە کۆمەڵکوژی بارزانییەکان لەلایەن رژێمی دیکتاتۆری پێشووی عێراق، سەرەتای پلانێکی گەورەبوو بۆ پاکتاوکردنی گەلێک کە دەیویست لەسەر خاکی خۆی بژیت.
لێرەوە بە پێویستی دەزانین جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بکەن بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی تەواوی رووفاتی ئەو شەهیدانەی کە لەو پرۆسەدا بوونە قوربانی و کاریش بکەن بۆ ئەوەی ئەو تاوانە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دا بەجینۆساید بناسرێت و پێویستە حکومەتی فیدراڵیش قەرەبووی تەواوی ماددی و مەعنەوی کەسوکاری ئەو قوربانیانە بکاتەوە.

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٠/٧/٣١