د.بەشیر حەداد یادی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆز دەکات

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و جێگری سەرۆک و سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و ئەمەش دەقەکەیەتی:

بەڕێز/ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی
بەڕێز / جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەڕێزان/ سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان

‏‎سڵاو و رێز….

‏‎بەبۆنەی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و تەواوی کادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
‏‎پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٦ لەسەر دەستی بارزانی نەمر دامەزرا، ئاسۆیەکی گەورەی بەخشیە میللەتی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و توانی هەموو پێکهاتە و دیالێکتەکان لە هەموو دەڤەرەکانی کوردستان لە ناو خۆیدا کۆبکاتەوە.
‏‎پارتی لە تەواوی قۆناغەکانی خەباتی دا ئامانجی بەدەستخستنی مافەکانی گەلی کوردستان و کارکردن بووە بۆ ئەوەی گەلی کوردستانیش وەکو هەموو میللەتانى دیکەی جیهان بە مافە رەواکانی خۆی بگات و، لەو پێناوەشدا بە هەزاران شەهید و قوربانی داوە.
‏‎ لە ئێستاشدا کە هەرێمی کوردستان و عێراق بە قۆناغێکی سەختی ئابووری وسياسيدا تێپەڕ دەبن، پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک چۆن هەمیشە کۆکەرەوەی حیزبە کوردستانییەکان بووە، لەم کاتەشدا نەرمی زیاتر بنوێنێت و لە ژێر یەک چەتردا تەواوی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کۆبکاتەوە، چونکە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگرتوويى هەیە لە ناوخۆی کوردستان و لە بەغداش.

‏‎دووبارە پیرۆز بێت ١٦ی ئاب، ساڵرۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان

‏‎دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد
‏‎جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٠/٨/١٥