‎د.بەشیر حەداد لەگەڵ شاندى وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تاوتوێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی حکومەتی فیدراڵی و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و تەواوی پارێزگاکانی عێراقیان کرد

رۆژی سێشەممە ٢٠٢٠/٩/٢٢ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا پێشوازی کرد لە پەروین محەممەد نوری بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عەبدوڵڵا رەمەزان مەعروف شارەزای ئابووری.
‎لە کۆبوونەوەیەکدا کە دکتۆر سیروان عەبدوڵڵا سیرینی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەران و محەممەد جەواد راوێژکاری دارایی ئەنجومەن ئامادەی بون، تاوتوێی چەندین بابەتی دارایی لە نێوان ھەولێر و بەغدا کرا بە تایبەت یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٠ کە رۆژی رابردوو گەیشتە ئەنجومەنی نوێنەران.
‎لە گوتەیەکدا دکتۆر بەشیر حەداد جەختی کردەوە لەوەی کە بەردەوامی دانوستان و کۆبوونەوەکان لە نێوان شاندی دانوستاندنی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کەشوھەوایەکی ئەرێنی لە نێوان ھەردوولا رەخساندووە.
‎جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی کردەوە لەسەر گرنگی بەھێزکردنی رۆحی نیشتمانی و ھاوکاری راستەوخۆی نێوان ھەردوولا و رەچاوکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە یاسای بودجەی فیدراڵی ٢٠٢٠ بۆ دابینکردنی سەقامگیری و جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە تەواوی وڵات دا.
‎دواتر کۆبوونەوەکە کۆتایی ھات بە کۆبوونەوەیەکی فروان لە نێوخۆی لیژنەی دارایی بۆ تاوتوێکردنی پرۆژە یاسای بودجە کە کورت ئەبێتەوە لەو چوار مانگەی ساڵی ٢٠٢٠ کە ماوە و تاوتوێ کردنی ئەو یاسایە بە شێوەیەکی ورد لە لایەن لیژنەی دارایی و یاساییەوە و ئامادەکردنی راپۆرت لەسەر بودجە لە کۆبوونەوەکانی داھاتوودا.

‎نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران
‎سێشەممە ٢٠٢٠/٩/٢٢