د.بەشیر حەداد لەگەڵ وەزیری بەرگری بارودۆخی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و ھەوڵەکان بۆ دابینکردنی سەقامگیری تاوتوێ کرد

رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/٩/٢٣ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا پێشوازی کرد لە بەڕێز جومعە عناد سەعدون وەزیری بەرگری حکومەتی فیدراڵ.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە ھەریەک لە کاتع روکابی و ناسر ھەرکی ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەی بوون، تاوتوێی بارودۆخی ئەمنی و ھەوڵەکان بۆ بەھێزکردنی ھێزە سەربازییەکان و ھەوڵە بەردەوامەکانی ھێزە سەربازییەکان کرا بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە تەواوی وڵاتدا.
لەلایەن خۆیەوە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران باسی لە گرنگی رەچاوکردنی ھەستیاری ھەندێک ناوچە کرد لەوانەش پارێزگای کەرکووک و ناوچە کورستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کە چەندین پێکھاتە و نەتەوەی جیاوازی تێدا دەژیت و بە پێویستی زانی چارەسەرێک بۆ ئەو کێشانە بدۆزرێتەوە کە پەیوەستن بە دەستدرێژی کردن لەو ناوچانە و چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زار بەشێوەیەکی یاسایی.
دکتۆر بەشیر حەداد جەختیشی لەسەر گرنگی بەردەوامی ھاوکاری و ھەماھەنگی لە نێوان وەزارەتە ئەمنی و سەربازییەکان لە گەڵ لیژنە پەرلەمانییەکان کردەوە بۆ پەسەندکرنی ئەو یاسایانەی کە رەھەندێکی ئەمنی و خزمەتگوزاریان ھەیە.
لە لایەکی دیکەوە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری کرد به ئامادەبونى وەزیری بەرگری کە تێیدا محەممەد رەزا سەرۆکی لیژنە و ئەندامانی دیکەی لیژنەکە ئامادەبوون.
له کۆبوونەوەکەدا بە تێروتەسەلی تاوتوێی بارودۆخی ئەمنی و سەربازی کراو جەخت کرایەوە لەسەر پێویستی بەردەوامی ھاوکاری و ھەماھەنگی ھاوبەش لە نێوان حکومەت و دامەزراوەی یاسادانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکان بە تایبەت لەم قۆناغەی ئێستادا و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری تەواوی لە وڵات دا.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە ٢٠٢٠/٩/٢٣