د.بەشیر حەداد لەگەڵ وەزیری ناوخۆ بارودۆخی ئەمنی و چەسپاندنی ئەمن و ئاسایش و یاسایان لە ناوچە کوردنشینەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیان تاوتوێ کرد

رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/٩/٢٣ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا پێشوازی کرد لە بەڕێز عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی حکومەتی فیدراڵی.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە لیوا د.سەعد مەعن بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ ئامادەی بوو، باس لە بارودۆخی ئەمنی و رووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانە کرا کە وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت لەم قۆناغە ھەستیارەی ئێستادا، ھەردوولاش جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی بەردەوامی ھەوڵەکانی وەزارەتە ئەمنی و سەربازییەکان و چڕکردنەوەی ھەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە روودانی تاوان و پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بە گرنگی بەھێزکردنی ئاستی ھاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکان کرد لە نێوان وەزارەت و دامەزراوە ئەمنییەکان لە بەغداو تەواوی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەی شانە نووستووەکانی تیرۆرستان و رێگریکردن لە رووداو و تاوانە بەرنامە بۆدارێژراوەکان و کارکردنی بۆ گەڕانەوەی ئاوەرەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان و چارەسەرکردنی کێشەی زەوی وزار و ئەو کێشانەی کە لە ھەندێک ناوچە کوردنشینەکان و گوندەکانی سەربە پارێزگای کەرکووک و دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم تەشەنەیان سەندووە.
حەداد داواشی کرد ھەوڵە ھەواڵگرییەکان چڕ بکرێنەوە بۆ دابینکردنی ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی شکۆی وڵات و خستنەگەڕی تەواوی ئامرازە یاساییە بەردەستەکان و ھەڵگرتنی ھەنگاوی پێویست بۆ چەسپاندنی یاسا لە تەواوی وڵات دا.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە ٢٠٢٠/٩٢٣