د.بەشیر حەداد لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی هەولێر پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی پایتەختیان تاوتوێ کرد

رۆژی دووشەممە ٢٠٢٠/١٠/٥ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری هەولێر پێشوازی کرد لە ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد حەمەد سەرۆکی شارەوانی هەولێر و پیرۆزبایی وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەی لێكرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە کارەکەیدا.
لە دیدارەکەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تیشکی خستە سەر بابەتی خزمەتگوزاری لە سنوری شارەوانی هەولێر و ئاماژەی بەوەدا کە هەولێر پرۆژەی خزمەتگوزاری زۆری بۆ ئەنجام دراوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە هەموو شتێک کراوە و بەپێویستی زانی کە پرۆژەکان بەردەوام بن و کاری زیاتر بۆ پایتەخت بکرێت.
دکتۆر بەشیر حەداد داوای لەسەرۆکی شارەوانی هەولێر کرد پەلە بکەن لە هەنگاوەکانی دیاریکردن و دابەشکردنی ئەو زەویانەی کە وەکو کارت دراونەتە هاوڵاتیان و چونکە ماوەیەکی زۆرە هاوڵاتیان ئەو کارتانەیان وەرگرتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا زەوییەکانیان بۆ تاپۆ نەکراوە.
دواتر جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوێ بیستی روونکردنەوەکانی سەرۆکی شارەوانی هەولێر بوو سەبارەت بە پلانەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و بابەتەکانی پێکهێنانی ئەنجومەنی شارەوانی هەولێر و کارکردن لەسەر ئەو زەوییانەی کە تاوەکو ئێستا وەکو کارت لای هاوڵاتیانن.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دووشەممە ٢٠٢٠/١٠/٥