د.بەشیر حەداد سەردانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانی کرد و پیرۆزبایی یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیەکەیانی لێکردن

‏‎رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/١٠/٧ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاوەری دکتۆر محەممەد شاکر ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەران سەردانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانی لە شاری ھەولێر کرد و لەلایەن مامۆستا د. عبدالله وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و مامۆستا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزییەوە پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێکدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆک و جێگر و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان کرد بەبۆنەی یادی یۆبیلی زێڕینی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەکێتییەکەیان و هیواشی خواست ھەموو مامۆستایانی ئایینی لەژێر چەتری یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان کۆببنەوە .
‏‎دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەدا کە دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان وەکو رێکخراوێکی ئایینی و نیشتمانی و پیشەیی زەرورەتێکی گرنگ بوو بۆ کۆمەڵگەی کوردی، هەر لەو کاتەشەوە تاوەکو ئێستا بوونەتە ھەوێنی کوردایەتی و شۆڕشگێڕی و رۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی گێڕاوە لە رێنمایی و ئامۆژگاریکردن و هۆشیارکردنەوەی کۆمەگەی کوردستان.
حەداد جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگی ھاوکاری و ھەماھەنگی زیاتر لە نێوان یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و رێکخراوە ھاوشێوەکانی دیکەیان لە ھەرێمی کورستان و عێراق تاوەکو بەھەموو لایەک بتوانن پێکەوە پەیامە پیرۆزەکەی خۆیان کە پەیامی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە بگەیەنن و بەرگریش لە ماف و داواکارییەکانی مامۆستایانی ئایینی بکەن.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەشی بەوەدا مامۆستایانی ئایینی هەمیشە گرنگیيان داوە بە گیانی لێبوردەیی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و رەتکردنەوەی بیری توندڕۆیی لە ژێر ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دا و ھیواشی خواست لەسەر ھەمان ئەو رێچکە پیرۆزە بەردوام بن.

‏‎نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
‏چوارشەممە ٢٠٢٠/١٠/٧