د.بەشیر حەداد لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی رێکارەکانی پەرەپێدانی ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوان پەرلەمان و دامودەزگا ئەمنییەکانیان تاوتوێ کرد

رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/١٠/١٤ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چاوی کەوت بە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتنانی عێراق.
لە کۆبونەوەیەکدا کە ھەریەک لە پەرلەمانتاران د.ناسر ھەرکی و رێزان شێخ دلێر تێیدا ئامادە بوون، بارودۆخی ئەمنی و سەربازی و ھەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەی تیرۆرستان لە ھەندێک ناوچەی وڵات و رێگری لە روودانی تاوانی بەرنامە بۆ دارێژراو تاوتوێ کران.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چەندین بابەت کرا کە جێگەی بایەخی ھەردوولا بوون و باسیش لە گرنگی ھەوڵەکان کرا بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵ بۆ دووبارە نەبوونەوەی ھەندێک رووداو کە بەم دواییانە لە ھەندێک ناوچە دەبینران.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەشی بە گرنگی بەردەوامی ھاوکاری سوپا و ھێزەکانی پێشمەرگە کردەوە بەمەبەستی جێگیر کردنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچه جێناکۆکەکان، و چارەسەرکردنی کێشەی پارێزگاکان، وجەختیشی لە گرنگی پەرەپێدانی ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوان ئەنجومەنی نوێنەران و دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکان کردەوە بە مەبەستی جێگیرکردنی سەقامگیری لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان.

نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومونی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممه ٢٠٢٠/١٠/١٤