د.بەشیر حەداد و شاندی ژنانی چالاکوانان، هەوڵەکانی پەرلەمانیان لە بواری پاراستنی خێزان و بەهێزکردنی رۆڵی ئافرەتان لە کۆمەڵگەدا تاوتوێ کرد

رۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٠/١٠/١٥ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا و بە ئامادەبوونی دکتۆرە مەیادە نەجاڕ پێشوازی کرد لە شاندێکی ژنانی چالاکوانی مەدەنی لە بواری مافی مرۆڤ و پاراستنی خێزان بە سەرۆکایەتی ئەمەل کەباشی.
لە دیدارێکدا باس لە هەوڵەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کرا لە دەرکردنی یاسای تایبەت بە پاراستنی خێزان و منداڵ و باسیش لە چەندین بابەت کرا کە تایبەت بوون بە ژنانی عێراق و بەهێزکردنی رۆڵیان لە کۆمەڵگەدا و پاڵپشتی کردن و بەشداریکردنیان لە کشت بوارەکاندا.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بە گرنگی رۆڵی ئافرەتی عێراقی کرد لە بواری بونیاتنان و گەشەپێداندا بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەی کە ئێستا وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت. هەروەها باسیش لە پرۆژە یاسای توندوتیژی بەرامبەر خێزان کرا کە پێویستی بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە و کۆنفرانس و گفتوگۆی زياتر و کۆکردنەوەی رای شارەزایانى یاسایی و ئایینی و رۆشنبیران و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە هەیە بۆ ئەوەی یاساکە بەشێوەیەک بێت کە بگونجێت لەگەڵ بەهاكانى کۆمەڵگەدا، وه پاڵپشتیكى یاسایی بێت بۆ تەواوی ئەندامانی خێزان، و پاراستنیان لە چواچێوەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پابەندبوون بە بەیاننامە و پەیاماننامە نێودەوڵەتییەکان.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
پێنج شەممە ٢٠٢٠/١٠/١٥