د.بەشیر حەداد سەردانی بریندارانی رووداوەکەی شەوی رابردووی شاری هەولێری کرد

رۆژی دووشەممە رێککەوتی ٢٠٢٠/١١/٢، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، به ياوەرى رێبوار هادى ئەندامى ئەنجومەنی نوێنەران، له شاری هەولێر سەردانی ئەو پۆلیسە بریندارانەی کرد کە شەوی رابردوو لە رووبەڕووبونەوەیەکدا لەگەڵ کەسێکی داواکراو بریندار بووبون.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هیوای سەلامەتی و زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست و پرسە و سەرەخۆشی خۆیشی ئاراستەی عەقید عیزەدین نەجمەدین، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناو شاری هەولێر کرد بەهۆی گیان لە دەستدانی کورەکەیەوە کە لە رووبەڕووبوونەوەکەی شەوی رابردوودا شەهید بوو.
دکتۆر بەشیر حەداد، داوای لە هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر کرد، هەموو هەولێک بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی بە زووترین کات، ئەو تۆمەتبارە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن و رادەستی دادگای بکەن تاوەکو بە سزای یاسایی خۆی بگات.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دووشەممە ٢/١١/٢٠٢٠