د.بەشیر حەداد یارمەتی بەسەر ژمارەیەک ئاوارەی شنگالدا دابەش کرد کە لایەن رێکخراوی مانگی سووری عێراقییەوە دابین کرابوو

رۆژی دووشەممە رێککەوتی ٢٠٢٠/١١/٢ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نووسینگەی ھەولێری مانگی سووری عێراقی لە شاری هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە رزگاربووانی دەستی داعش کۆبووەوە .
لە کۆبوونەوەیەکدا کە هەریەک لە هاوڕێ ئەحمەد، سەرۆکی لقی هەولێری مانگی سووری عێراقی و رێبوار هادی و د.ناسر هەرکی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەی بوون، دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەی بە پێویستی قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی رزگاربووانی دەستی داعش کرد، لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە و رایگەیاند ”پێویستە حکومەتی فیدراڵ بە هەماهەنگی لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کاربکات بۆ ئەوەی بەزوترین کات ئاوارەکانی شنگال و دەورووبەری بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.”
له کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەى بەوەدا کە ئەوان وەکو دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، چاودێری ئەو رێککەوتنە دەکەن کە لە نێوان هەولێر و بەغدا کراوە لە بارەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال و وەک نوێنەرانی كورديش لە بەغدا هەموو کارێک دەکەن بۆ بە دواداچوون و گوشار خستنە سەر حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی ئێزدییەکان مافەکانیان وەربگرەنەوە و قەرەبووی ماددی و مەعنەوەی بکرێنەوە و کارەساتی شنگال بە جینۆساید بناسرێت.
دواتر دکتۆر بەشیر حەداد، ھەندێک یارمەتی بەسەر ئاوارەکانی شنگالدا دابەش کرد کە لەلایەن لقی هەولێری مانگی سووری عێراقی و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە دابینکرابوو.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دووشەممە ٢/١١/٢٠٢٠