د.بەشیر حەداد : کوردانی فەیلی له پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراقن و کار دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی مافە رەواکانیان

رۆژی سێشەممە رێککەوتی ٢٠٢٠/١١/١٠ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا پێشوازی کرد لە شاندێکی هەماهەنگی کوردانی فەیلی.
لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ کرا لەبارەی بارودۆخی عێراق بەشێوەیەکی گشتی و باروگوزەران و ژیانی کوردانی فەیلی لە تەواوی ناوچەکانی عێراق و ئەو زوڵم و ستەم و ناحەقییەی کە بەرامبەریان کراوە لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراقدا.
دواتر جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گوێی لە گوتە و داواکارییە رەوا و یاساییەکانی ئامادەبووان گرت کە ئاماژەبوو بۆ وەرگرتنەوەی مافە نیشتمانییەکانیان و بەدەستهێنانەوەی رەگەزنامەی عێراقی و گەڕانەوەی ئەو موڵک و ماڵانەی کە لەسەردەمی رژێمی پێشوودا بە زۆر لێیان وەرگیرا بوو و تاوەکو ئێستاش بۆیان نەگەڕاوەتەوە.
دکتۆر بەشیر حەداد رایگەیاند؛” کوردانی فەیلی له پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراقن و هەوڵ دەدەین لە رێگەی دەرکردنی یاسا و ئەو یاسایانەی کە ئێستا بەرکارن مافە رەواکانیان بۆ بگەڕێنینەوە و دامەزراوەکانی دەوڵەتیش رادەسپێرین بۆ گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵەکانیان و قەرەبوو کردنەوەی خانەوەدا زیان لێکەوتووەکان و بەردەوامی دان بە هاوکاری و پشتیوانی بۆیان.”

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سێشەممە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠