د.بەشیر حەداد: ئەنجومەنی نوێنەران کار دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە بابەتی مووچەی فەرمانبەران و چارەسەرکردنی کێشەکان لە بارەی یاسای قەرزی ناوخۆیی

رۆژی چوارشەممە رێککەوتی ٢٠٢٠/١١/١١ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یاسای قەرزی ناوخۆیی.
لە کۆبوونەوەکەدا دکتۆر بەشیر حەداد جەختی کردەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کیشە و ناکۆکییە سیاسییەکان لەبارەی ئەو یاسایەوە کە پەیوەستە بە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە کە ئەوانیش فەرمانبەرانن و رێککەوتن لەسەر دواخستنی گفتوگۆکان بۆ یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١، وه بابەتی مووچەی فەرمانبەران کە نابێت لەوە زیاتر دوابخرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بە گرنگی هاوکاری پەرلەمان بۆ حکومەت کرد بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو قەیرانە دارایی و ئاستەنگانەی هاتوونەتە بەردەمی تێیپەڕێنێت و تیشکیشی خستە سەر هاوسەنگی پێکهاتەکان لە بەڕێوەبردنی کاری نوێنەرایەتی لە ژێر قوبەی پەرلەمان دا.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە ٢٠٢٠/١١/١١